مورشیدی تەریقەتی نەقشبەندی لە تەوێڵە و هەڵەبجە هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرکۆنە دەکات
مورشیدی تەریقەتی حەقیقی حسامی نەقشبەندی و سەرپەرشتیاری خانەقاکانی تەوێڵە و پارێزگای هەڵەبجە، لە پەیامێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و هێرشەکەی بە هەوڵێکی ناڕەوا و شکستهێنراو بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئارامی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، شێخ محەممەد عەلی سانی حیسامەدین، مورشیدی تەریقەتی حەقیقی حسامی نەقشبەندی و سەرپەرشتیاری خانەقا پیرۆزەکانی شارۆچکەی تەوێڵە و پارێزگای هەڵەبجە، لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر بەئامانجگرتنی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە پەیامەکەدا هاتووە: بە داخی زۆرەوە دوژمنانی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابینکردنی سەرکەوتووانەی خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان لە لایەن بەرپرسە دڵسۆزەکانیانەوە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ویستیان بە هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیران تۆڵە لە هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی بکەنەوە؛ بەڵام سوپاس بۆ خودا وەک رابردوو ئەو ئاواتەشیان خرایە گۆڕەوە.
شێخ محەممەد عەلی سانی حیسامەدین جەختی لەسەر رەتکردنەوەی هەموو جۆرە پەلامارێک کردەوە و رایگەیاند: ئێمە وەکو مورشیدی تەریقەتی حەقیقی حسامی نەقشبەندی و سەرپەرشتیاری خانەقا پیرۆزەکانی شارۆچکەی تەوێڵە و پارێزگای هەڵەبجە، سەرکۆنەی ئەو کارە نامرۆڤانەیە و هەموو جۆرە دژایەتییەکی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەمان دەکەین.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئاب، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
بە گوێرەی راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. گوتیشی، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.