ترەمپ: لەوانەیە دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبکەینەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم کۆشکی سپی، رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمزیان کردووە و بەهۆی دابینکردنی نەوتی ئەمریکاوە رێگرییان لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 300 دۆلار کردووە؛ هاوکات جەختی کردەوە رەنگە لە کاتێکدا دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەستپێبکەینەوە و ئاشکراشی کرد کە کیم جۆنگ ئوون خاوەنی 57 چەکی ئەتۆمییە و لەمساڵدا چاوی پێی دەکەوێت.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەردەم رۆژنامەنووساندا لە حەوشەی کۆشکی سپی، سەرنجی خستە سەر دۆخی گەرووی هورمز، بازاڕی وزەی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

ترەمپ رایگەیاند: ئێمە دەسەڵات و کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە. شەوی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان لە گەرووەکە پەڕینەوە؛ ئەوەی ئێرانییەکان دەیکەن بە هەڵدانی درۆن جاروبار، تەنیا شتێکی بێزارکەرە و هیچ کاریگەرییەکی نییە و ناتوانێت رێگری لە کەشتییەکان بکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە جێگیرکردنی نرخی وزە کرد و گوتی: خەڵکی سەرسامن بەوەی کە نرخی بەرمیلێک نەوت نەگەیشتە 300 یان 350 دۆلار وەک پێشبینی دەکرا، بەڵکو ئێستا لە نێوان 83 بۆ 84 و 85 دۆلاردایە، و کاتێک شەڕەکە بە بردنەوەمان کۆتایی دێت، نرخەکەی زۆر لەوەش کەمتر دەبێتەوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە نەوتێکی زۆرمان خستووەتە بازاڕەوە و جیهان جێگرەوەی لە ئەمریکا دۆزیوەتەوە؛ وڵاتان دێنە تێکساس، ئالاسکا و لویزیانا بۆ کڕینی نەوت.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ تاران، ترەمپ گوتی: لەوانەیە لە قۆناخێکدا دانوستان رووبدات، بەڵام بابەتەکە زۆر سادەیە: دەبێت بە تەواوەتی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببن. ئێران نابێت بە هیچ جۆرێک ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەزانن بۆچی؟ چونکە ئەگەر دەستیان بکەوێت بەکاری دەهێنن، ئێمەش هەرگیز رێگەیان پێنادەین و نابنە خاوەنی.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە نامەگۆڕینەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رابەری کۆریای باکوور، ترەمپ گوتی: من پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ئەودا هەیە و ئەمەش شتێکی باشە نەک خراپ. کیم 57 چەکی ئەتۆمیی زۆر بەهێزی هەیە؛ سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا هەرگیز نەدەبوو رێگە بدەن ئەمە رووبدات، بەڵام ئەو ئێستا هەیەتی و ئێمە ناتوانین رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی هاوشێوە.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: «تا ئەوکاتەی سەرۆکێکی زیرەک لە ئەمریکا بێت، دۆخی کیم جۆنگ ئوون باش دەبێت، بەڵام ئەگەر سەرۆکێکی گێل دەسەڵات بگرێتە دەست، رەنگە باش نەبێت.» لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا لەمساڵدا چاوی پێی دەکەوێتەوە؟ ترەمپ وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، چاوم پێی دەکەوێت.»