فاینانشناڵ تایمز: ئێران پلانی لێدانی بنکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا دادەڕێژێت

رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، تاران بژاردەی فراوانکردنی مەودای شەڕ و هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا وەک بولگاریا و قوبرس و هەروەها بڕینی کێبڵە ئەنتەرنێتییە دەریاییەکانی گەرووی هورمز تاوتوێ دەکات، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئێران دەستپێبکاتەوە.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی (فاینانشناڵ تایمز ) لە زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری ناو دەسەڵاتی ئێرانەوە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵسەنگاندنیان بۆ چەندین بژاردەی سەربازیی نوێ کردووە تا لە کاتی پەرەسەندنی شەڕ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا بەکاریان بهێنن.

سەرچاوە ئێرانییەکان ئاشکرایان کردووە کە سوپای ئێران لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر لێدانی بنکە و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەتایبەت لە بولگاریا، بنکەی ئاسمانیی بێزمێر کە مانگی رابردوو مۆڵەتی بە ئەمریکا دا بۆ بەکارهێنانی لە لایەن فڕۆکە سوتەمەنیپێدەرەکانەوە؛ قوبرس، کە پێشتریش بنکەی ئاسمانیی بەریتانیا (ئەکرۆتیری) لەو وڵاتە لە مانگی ئاداردا بە درۆن کرابووە ئامانج.

هەروەها سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە بە جیا، ئێران پلانی لێدان و بڕینی کێبڵە فایبەر-ئۆپتیکە دەریاییەکانی ئینتەرنێتی لە گەرووی هورمز تاوتوێ کردووە بۆ پەکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، کەشێکی توندڕەوانە بەسەر تاراندا زاڵە و بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ئێران دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ئانوسات دایە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لەم دواییانەدا چەند گۆڕانکارییەکی لە پۆستە سەربازیییەکاندا کرد، لەوانە دانانی مۆحسین رەزایی وەک بەرپرسی باڵای ئەمنی و پەراوێزخستنی محەممەد باقر قالیباف کە سەرۆکی شاندی دانوستانکار بوو. یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: پەیامی ئێران ئەوەیە کە ئەگەر لەگەڵ قالیباف نەگەیشتنە رێککەوتن، دەبێت مامەڵە لەگەڵ مۆحسین رەزایی بکەن.

مەودای مووشەکەکانی ئێران

فەرماندەکانی سوپای پاسداران هۆشدارییان داوە کە لە هەر شەڕێکی نوێی گشتگیردا، ئێران چیتر تەنیا بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەستێت، بەڵکو ئامانجە دوورەدەستەکانیش دەپێکێت.

سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هەر بنکەیەک بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران، بە ئامانجێکی شەرعی دادەنرێت. سەرچاوەیەک لە تارانەوە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ وێرانکردنی پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران جێبەجێ بکات، تاران هیچ سنوورێک بۆ وەڵامدانەوە دانانێت و هێرش دەکاتە سەر ئەوروپاش.

ئێران پێشتریش ئامادەیی خۆی بۆ لێدانی ئامانجە دوورەدەستەکان پێشان داوە: لە مانگی شوباتدا، واشنتن تارانی تۆمەتبار کرد بە هەڵدانی مووشەک بەرەو بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە (دیێگۆ گارسیا) لە ئۆقیانووسی هیندی کە 4،000 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە.

بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ لە تورکیا لە مانگی ئاداردا چەند مووشەکێکی بالیستیی ئێرانیی تێکشکاندبوو و سەرچاوە ئێرانییەکان دەڵێن هێرشەکەی مانگی رابردووی سەر بنکەی ئەمریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز، پەیامێک بوو بۆ ئەوروپا کە ئێران توانای پێکانی ئامانجی دوورمەودای هەیە و دەبێت ئەوروپا بزانێت لە کوێی ئەم شەڕەدا دەوەستێت.

سوور: بنکەکانی ئەمریکا؛ شین: ئەو بنکانەی پەیوەندی بە ئەمریکا هەیە 

 

سیدارت کاوشال، توێژەر لە پەیمانگەی شاهانەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان (RUSI) لە لەندەن، مەترسیی مووشەکەکانی ئێرانی بۆ سەر ئەوروپا بە راستەقینە بەڵام سنووردار وەسف کرد، و رایگەیاند، ئێران دەتوانێت مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەندی وەک زنجیرەی (شەهاب) بەکاربهێنێت بەڵام لە مەودای زۆر دووردا توانای وێرانکارییان کەم دەبێتەوە، بۆیە لەوانەیە پەنا بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی ببات.

هەروەها دۆگلاس باری لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان (IISS) ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی پێشووی تاران دەریدەخەن خاوەنی چەکی مەودا زیاتر لە 2،000 کیلۆمەترە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە لەسەر ئاستی وردیی پێکانی ئەو مووشەکانەیە لە مەودای زۆر دووردا.


سەرچاوەکان:

ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)

ئێران واچ (Iran Watch)

بەشی توێژینەوەی فاینانشیاڵ تایمز (FT)