وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا هێرشی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرکۆنە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد، کە لە 17ـی ئابدا نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووەتەوە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی کەندا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، ئەو جۆرە کردەوە توندوتیژانە مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دروست دەکەن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بە گشتی.

هاوکات، کەنەدا پێشوازی لە بڕیار و راگەیەندراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی پێویست لەبارەی دیاریکردنی سەرچاوەی ئەو هێرشە درۆنییانە و ئاشکراکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."

دوای راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج".

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، " بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم".

مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، "ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە، "ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان".