ئۆجەلان: نابێت هێرش بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان
میدیای تورکیا ناوەرۆکی دوایین کۆبوونەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمڕاڵی بڵاوکردەوە؛ رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەستاوەتەوە و هۆشداریی داوە لەبارەی ئاڕاستەی پرۆسەی ئاشتی.
میدیای تورکیا ناوەرۆکی دوایین دیدار و کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردووەتەوە، هەرچەندە زانیارییەکان فەرمی نین، بەڵام لەلایەن دەم پارتی و شاندی ئیمڕاڵییەوە رەتنەکراونەتەوە.
لە بەشێکی ئاخاوتنەکەیدا، ئۆجەلان ناڕەزایەتی توندی بەرامبەر هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە "نابێت ئێران هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان." هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم، ئەوانەن کە رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەستی دەوڵەتی عێراق بکەن، هاوکات هۆشداری داوە کە "ئێران دەیەوێت دوای عێراق، کۆنترۆڵی سووریاش بکات."
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی، ئۆجەلان ئاشکرای کردووە، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چەکداماڵین، 3900 کەس سوودمەند دەبن. بەڵام جەختی کردووەتەوە و هۆشداری داوە، "ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرنەکەوێت، کوردەکان دەست بە راپەڕین دەکەنەوە و تورکیا رووبەڕووی زیانی گەورە دەبێتەوە."
لە وەڵامی ئەو رەخەنە و تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێن، ئۆجەلان گوتی "تۆمەتبارم دەکەن بەوەی کوردم فرۆشتووە، بەڵام نەخێر من کوردم نەفرۆشتووە؛ بەپێچەوانەوە داوای برایەتیی واقعی نێوان کورد و تورک دەکەم، ئەمەش نە تاوانە و نە فرۆشتنە."
لە کۆتاییشدا، رێبەری پەکەکە داوای لە سەرکردایەتیی دەم پارتی و قەندیل کردووە، هەركاتێک پرۆسەی ئاشتی بەپێی ویستی ئەوان بەڕێوە نەچوو، پەنا بۆ ئاڵۆزی و دروستکردنی پشێوی نەبەن.