یونس توتنچی کتێبێکی نوێی دەربارەی قۆریات بڵاوکردەوە
یونس توتنچی، نووسەر و گۆرانیبێژی میللی تورکمان، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "قۆریاتەکەم ئاوێنە بوو"، بە زمانی تورکمانی چاپ و بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە ناوەڕۆک و ناونیشانی کتێبەکەم دا، گرنگیی بە جیهانی قۆریات و شوێنی ئەم نەریتە لە ژیانی کولتووری و هونەری تورکمانەکانی ناوچەکە دەدەم."
ئەمڕۆ هەینی، 21ی ئابی 2026، یونس توتنچی، نووسەر و گۆرانیبێژی میللی تورکمان، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە ناوی کتێبەکەوە دەکرێت بزانرێت کە قۆریات ناوەندی سەرنجی ئەم بەرهەمەمە، بەڵام قۆریات تەنیا دەقێکی کۆن یان شێوازێکی گۆرانیگوتن نییە، بەڵکو بەشێکە لە بیرەوەری و ناسنامەی کولتووریی کۆمەڵگەیەک کە بە دەنگ و وشە، چیرۆکی ژیانی خۆی گواستووەتەوە."
گوتیشی، "من لە رێگەی ئەم کتێبەوە دەچمە ناو جیهانێک کە تێیدا دەنگی نەوەکانی پێشوو هێشتا زیندووە؛ جیهانێک کە قۆریات تێیدا دەبێتە زمانێک بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، جودایی، خەم، شادی، رۆژگاری دووری، یادەوەری و هەستی مرۆڤ. قۆریات تەنیا بەرهەمێکی موزیکیی نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگە لە خۆیدا دەبینێتەوە."
ئەو گۆرانیبێژە باس لە گرنگیی میراتی قۆریات دەکات و دەڵێت، "بۆ گۆرانیبێژێکی وەکو من، گرنگی ئەم میراتە تەنیا لە جوانیی هونەرییەکەم دا نییە؛ بەڵکو لەوەدایە کە قۆریات بەشێکە لە میراتی زارەکی، زمانی و موزیکیی تورکمانەکانی ناوچەکە و لە ماوەی ساڵاندا لە رێگەی دەنگ و گۆرانی و گێڕانەوە، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستراوەتەوە."
دەربارەی بەڵگەنامەکردنی میراتی قۆریات لە رێگەی کتێبەکەیەوە، یونس توتنچی دەڵێت، "نووسینی ئەم کتێبەم لەسەر قۆریات دەتوانرێت وەک هەوڵێک بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەم میراتە سەیر بکرێت؛ چونکە ئەوەی زارەکییە و لە دەنگ و یادەوەریی خەڵکدا دەژی، کاتێک دەخرێتە ناو پەڕەکانی کتێب، دەرفەتی زیاتر بۆ مانەوە و گەیشتن بە نەوەکانی داهاتوو پەیدا دەکات."
یونس توتنچی باسی لەوەش کرد، "ئەم کتێبەم تەنیا باسکردنی قۆریات نییە؛ بەڵکو گفتوگۆیەکە لەگەڵ رابردوو. گفتوگۆیەک لەگەڵ دەنگەکانی ئەو کەسانەی کە پێش ئەمڕۆ ژیاون، خۆشییان بینیوە، ئازاریان چەشتووە، جودایی و رۆژگاری دوورییان ئەزموون کردووە و هەست و چیرۆکەکانیان لە رێگەی قۆریاتەوە بەجێهێشتووە."
دەربارەی فرەرەنگی و فرەکولتووری لە هەرێمی کوردستان، یونس توتنچی دەڵێت، "هەروەها ئەم کتێبەم دەتوانێت سەرنج بۆ ئەو راستییە رابکێشێت کە میراتی کولتووری سنوور ناناسێت؛ بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کە کۆمەڵگەیەکی فرەرەنگ و فرەکولتوورە و تورکمانییەکانیش بەشێکی گرنگی ئەم پانتاییە کولتوورییە پێکدەهێنن. ناساندنی کتێبێکی تورکمانی لە هەولێر، لە هەمان کاتدا بۆ پاراستنی میراتی تایبەتی کۆمەڵگەی تورکمانی گرنگە، دەتوانێت نموونەیەک بێت لە بوونی دەنگ و رەنگی جیاواز لە ژیانی کولتووریی هەرێم."
یونس توتنچی، نووسەر و گۆرانیبێژی میللی ناسراوی شاری هەولێرە. بە دەنگ و بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان و قۆریات و مەقامە کوردی و تورکمانییەکانی لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا دەناسرێت.