تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی وێرانکەر دەکات

واشنتن خۆی بۆ راگەیاندنی پاکێجێکی سزای دارایی بێوێنە لە مێژوودا دژ بە تاران ئامادە دەکات بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی؛ لە بەرامبەردا فەرماندە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران هۆشداری دەدەن کە هەر هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا بە وەڵامدانەوەیەکی "وێرانکەر، بەئازار و تێکشکێنەر" لە زەمین، ئاسمان، دەریا و کەرتی ئەلیکترۆنیدا وەڵام دەدرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە و هەناردەی نەوت بۆ چین تووشی پەککەوتن بووە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پێ دەنێنە قۆناخێکی چارەنووسسازەوە، پاش ئەوەی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندوە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی سەخترین سزای دارایی لە مێژوودا بەسەر ئێراندا ئاشکرا دەکات.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (CNBC) رایگەیاندبوو، ئێمە ئەم دەسەڵاتە دەڕووخێنین؛ کاتی ئەوە هاتووە هاوپەیمانەکانمان و تەواوی جیهان بڕیاری خۆیان بدەن.

بێسێنت ئاماژەی بەوە کردبوو سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران لە مانگی تەممووز و سەپاندنی ئەم سزایە داراییە نوێیانە، دوو گورزی هاوکاتن بۆ ئیفلیجکردنی ئابووریی تاران. هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دابووە سەرجەم وڵاتان کە رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە ئەگەر هەر جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە ئێران بکەن، لە کاتێکدا ترەمپ لە ناوخۆدا لە ژێر گوشاری بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیدایە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم.

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی واشنتندا، بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسیی ئێران بە توندی هاتنە دەنگ، عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانمان لە تەواوی ئامادەباشیدان لەسەر ئاستی زەمینی، دەریایی، ئاسمانی، بەرگریی ئاسمانی و بواری سایبەری، و هەر هەڕەشەیەکی نوێی دوژمن بە وەڵامدانەوەیەکی تێکشکێنەر، یەکلاکەرەوە، بەئازار و وێرانکەر وەڵام دەدەینەوە.

هەروەها مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی ئابووری و جەختکردنەوە لەوەی کە وەڵامی ئێران "تێکشکێنەر" دەبێت، ئاماژەی داوە، بەهۆی گۆشەگیربوونی نێودەوڵەتیی ئەمریکا، کاتی ئەوە هاتووە شەڕ کۆتایی پێبهێنرێت.

محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانیش لە سەردانێکیدا بۆ عێراق گوتی: واشنتن گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ناتوانێت شەڕی ڕاستەوخۆی سەربازی یەکلا بکاتەوە، بۆیە پەنای بۆ شەڕی ئابووری و شەڕی زانیاری بردووە، و دەبێت پلان دابنێین بۆ تێپەڕاندنی ئەم سزایانە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند سزاکانی ئەمریکا ناتوانن بچووکترین دوودڵی لە ئیرادەی ئێرانییەکان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و کەرامەتی نیشتمانی دروست بکەن.

ئەم شەڕە شەش مانگییە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا. داتاکانی کۆمپانیای چاودێریی کەشتیوانی (Kpler) دەریدەخەن کە رۆژی پێنجشەممە تەنیا 7 کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا پێش شەڕ رۆژانە زیاتر لە 130 کەشتی تێپەڕدەبوون. ئەمەش پاش ئەوە دێت کە هەردوو رێککەوتنی ئاگربەست لە مانگەکانی نیسان و حوزەیراندا بەهۆی ناکۆکی لەسەر گەرووەکە بە خێرایی هەڵوەشانەوە.

سزاکانی ئەمریکا ئاڕاستەی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێرانیش کراوە؛ بەپێی داتاکانی کەپلەر لە ساڵی 2025دا چین زیاتر لە 80%ـی نەوتی ئێرانی کڕیوە، بەڵام لە دوای گەمارۆ دەریاییەکەی ناوەڕاستی تەممووزەوە، فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ چین بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا داوای لە بەیژینگ کرد پەیوەست بێت بە سزاکانەوە، بەڵام باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن رایگەیاند، سزا و گوشار کێشەکان چارەسەر ناکەن و داوای پەنابردنە بەر دیالۆگی کرد.