محەمەد سەمعان: پەیوەندیی نێوان کورد و تورکمان مێژووییە
پارێزگاری کەرکووک، روونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانی پێشووی سەبارەت بە ماددەی 140 دەدات و رایدەگەیەنێت، زۆربەی زەوییە کێشەلەسەرەکانی کەرکووک هی کورد و تورکمانن و، چارەنەکردنی کێشەکانیان رێگرە لە دابەشکردنیان بەسەر فەرمانبەراندا.
هەینی، 21ـی ئابی 2026، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، مەبەستی ئەو لە باسکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، بە ئامانجگرتنی هیچ پێکهاتەیەک نەبووە، بەڵکو ئامانج لێی روونکردنەوەی کێشەی زەوییەکانی کەرکووک بووە کە زۆرینەیان خاوەندارێتییان بۆ کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە و کێشەی یاسایییان لەسەرە.
پارێزگاری کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی بەردەوامیی کێشەی خاوەندارێتیی سەر ئەم زەوییانەوە، ئێستا ناتوانرێت دابەش بکرێن بەسەر فەرمانبەراندا.
دەشڵێت: ماددەی 140 تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو کێشانە بە تەواوی چارە بکات. هاوکات جەختی کردەوە، کە پەیوەندیی نێوان کورد و تورکمان مێژووییە و ماددەی 140 بڕگەیەکی دەستوورییە و هیچ لایەنێک لاری لێی نییە.
سەبارەت بە شایستە دارایییەکانی بەڵێندەرانیش، محەمەد سەمعان رایگەیاند: پارێزگای کەرکووک بڕی 250 ملیار قەرزی بەڵێندەرەکانی لایە و ئاماژەی بەوە کرد کاتێک وەک پارێزگار دەستبەکار بووە، کەرکووکی لەناو قەرزێکی زۆردا بینیوەتەوە؛ بەڵام لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لەو پارەیە لە رێگەی حکوومەتی فیدراڵ.