ئەڵمانیا؛ گوێدرێژێک سێ کەسی بریندار کرد
پۆلیسی شاری کوکسهاڤنی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی سەیروسەمەرە کرد، کە تێیدا گوێدرێژێکی بێ لغاو بە ناوی "فرێدی" دوای راکردنی لە مەیدانێکی گشتیدا، هێرشێکی توندی کردووەتە سەر هاووڵاتییان.
بە گوێرەی راگەیەنراوی پۆلیسی شاری "کوکسهاڤن"، رووداوەکە لە شارۆچکەی "هۆلسێل" (باشووری شارە کەناراوییەکە) دەستی پێکرد، کاتێک ڕێبواران تێبینییان کرد گوێدرێژێک بە ناوی "فرێدی" هاوڕێ لەگەڵ ئەسپێک، بەبێ لغاو و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە مەیدانەکاندا ڕادەکەن.
لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، دوو شۆفێری بارهەڵگر دەستوەردانیان کرد بۆ گرتنی گوێدرێژەکە، بەڵام ئاژەڵەکە کاردانەوەیەکی "تەواو توندوتیژانە"ی نیشان دا و لەپڕ باز لێدا بۆ ناو سندوقی پشتەوەی بارهەڵگرەکە و دەستی بە شەقوەشاندن و گازی توند لە شۆفێرەکان کرد.
هێرشەکە بەوەوە نەوەستا، بەڵکو ژنێکی تەمەن 33 ساڵ کە ویستی هاوکاریی شۆفێرەکان بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاژەڵەکە، بە سەختی بریندار بوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەرکردن، لە کاتێکدا هەردوو شۆفێرەکە برینەکانیان بە سووک وەسف کرا.
دواجار، پشێوییەکە بە گەیشتنی خاوەنی گوێدرێژەکە بۆ شوێنی رووداوەکە کۆتایی هات، کە توانی ئاژەڵەکەی کۆنترۆڵ بکات و کۆتایی بە هێرشەکە بهێنێت.
پۆلیسی کوکسهاڤن ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستاش هۆکاری سەرەکیی ئەم رەفتارە توندوتیژە کتوپڕەی ئاژەڵەکە بە نادیاری ماوەتەوە.