نێرگز عەزیز لە رێگەی ژەنینی ئاوازێکەوە باوەش بە هەولێردا دەکات

نێرگز عەزیز، میوزیکژەن، لە رێگەی ژەنینی ئاوازێکەوە بەرهەمێکی تایبەت پێشکەش بە هەولێر دەکات. ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت "من لە سلێمانی لەدایک بووم، بەڵام لە رێگەی ژەنینی ئاوازی هەولێرەوە هەستم کرد زیاتر لەو شارە نزیک بوومەتەوە."

شەممە، 22ی ئابی 2026، نێرگز عەزیز بە کوردستان24ی راگەیاند  "چی روودەدات کاتێک میوزیکژەنێک لە شوێنێکەوە کە تێیدا لەدایک نەبووە، ئاوازێک دەژەنێت و لە رێگەی ئەو ئاوازەوە پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ شارێک دروست دەکات؟ من دەڵێم میوزیک تەنیا کۆمەڵێک دەنگ و نۆتە نییە؛ جارێک دەتوانێت ببێتە زمانێک بۆ گوزارشتکردن لە هەست، یادەوەری و خۆشەویستی، تەنانەت بۆ شوێنێک کە مرۆڤ هەرگیز تێیدا نەژیاوە."

نێرگز عەزیز گوتیشی "من لە سلێمانی لەدایک بووم، بەڵام لە رێگەی ژەنینی ئاوازی هەولێرەوە هەستم کرد زیاتر لە هەولێر نزیک بوومەتەوە، ئەو ئەزموونە وای لێکردم پرسیارێکی گەورە لە خۆم بکەم؛ ئایا میوزیک دەتوانێت وامان لێ بکات هەست بە خۆشەویستی بۆ شوێنێک بکەین، بە جۆرێک کە دواتر تامەزرۆی بینین و ناسینەوەی ئەو شوێنە ببین؟ بە ئەزموونی من، وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێیە، چونکە میوزیک دەتوانێت ببێتە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، یادەوەری و شوێن. ئەو پەیوەندییە تەنیا بە وشە دروست نابێت؛ بەڵکو لە دەنگ، ریتم، شێوازی ژەنین و هەستی میوزیکژەنەوە سەرچاوە دەگرێت."

ئەو هونەرمەندە لەبارەی دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ شارێک روونیکردەوە: "رۆژێک بابەتێکی زانستی لە گۆڤارێک دەخوێندەوە لەبارەی چەمکی تۆپۆفیلیا؛ چەمکێک کە بە شێوەیەکی گشتی باس لە وابەستەیی و پەیوەندییە سۆزدارییەکانی مرۆڤ بە شوێنەکان دەکات. ئەو خوێندنەوەیە زیاتر پشتڕاستی ئەو هەستەی بۆم کرد کە لە کاتی ژەنینی ئاوازێک بۆ کولتوور یان شارێکی جیاواز هەستی پێ دەکەم. بۆیە لەوێدا ئەو پرسیارە بۆم گرنگ بوو؛ ئایا میوزیک دەتوانێت پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ شارێک دروست بکات؟"

باسی لەوەش کرد "لە هونەری میوزیکی کوردیدا ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی دیار رەنگی داوەتەوە. میوزیک لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنیا بۆ دڵخۆشی نەبووە؛ بەڵکو بووەتە ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، گواستنەوەی یادەوەری و ئەزموونەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر. دەنگ و ئاواز دەتوانن شوێنێک، رووداوێک یان هەستێک لە ناخی مرۆڤدا زیندوو بکەنەوە."

دەربارەی گرنگیی ژەنینی ئەو ئاوازە بۆ هەولێر، نێرگز عەزیز رایگەیاند "کاتێک ئاوازێک بۆ هەر شوێنێک دەژەنم، هەستێک لە مندا خەبەر دەبێتەوە؛ هەستێک کە تەنیا پەیوەندی بە خودی ئاوازەکەوە نییە، بەڵکو بە شوێن و کولتوور و مێژوو و مرۆڤەکانی ئەو ناوچەیەشەوە گرێدراوە. لێرەدا میوزیک شتێکی زیاتر لە ئاواز دروست دەکات؛ دەبێتە هەست. میوزیکژەن دەتوانێت بە تەنیا ئامێرێکی میوزیکی، سۆزێک بۆ شوێنێک دروست بکات، بەبێ ئەوەی تەنانەت وشەیەک بڵێت و گوێگرەکەش دەتوانێت لە رێگەی شێوازی ژەنین و هەستی ناو ئاوازەکەوە ئەو سۆزە هەست پێ بکات. بە بۆچوونی من، ئەمە رێک هێزی میوزیکە؛ هێزێک کە پێویستی بە دەربڕینی وشە نییە بۆ ئەوەی خۆشەویستی بۆ شوێنێک بگەیەنێت."

ئەو میوزیکژەنە جەختی کردەوە "ئاوازێک دەتوانێت پەیوەندییەکی سۆزداری نوێ لە کەسێکدا دروست بکات کە هەرگیز لەو شوێنە نەژیاوە. دەتوانێت شارێک لە ناخی گوێگرەکەدا وێنا بکات، بێ ئەوەی ئەو کەسە پێشتر ئەو شارەی بینیبێت. بۆیە جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە بۆ ئەو پرسیارەی سەرەتا؛ چی روودەدات کاتێک ئاوازێک دەبێتە پەیامی خۆشەویستی بۆ شارێک؟ لەو ساتەدا، میوزیک تەنیا نۆتەکان ناژەنێت؛ شوێنێک دەژەنێت، یادەوەرییەک دەژەنێت و هەستێک دەژەنێت."

نێرگز عەزیز دەشڵێت، "لە ئەزموونی من لێرەدا هێزی جوگرافیای میوزیک دەردەکەوێت؛ ئەو توانایەی کە ئاوازێک بتوانێت مرۆڤ تامەزرۆی شوێنێک بکات کە خۆی هەرگیز تێیدا نەژیاوە. ئەمەش رەنگە یەکێک بێت لە جوانترین تواناکانی میوزیک، بۆ ئەوەی بتوانێت شارێک بەبێ وشە، لە دڵی مرۆڤدا شوێنێک بۆ خۆی دروست بکات."

نێرگز عەزیز، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەوروپایە. ئەو پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە و قوتابی بەشی میوزیک و تەندروستییە و ئێستا لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئامێرەکانی میوزیک لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات.