فەڕەنسا مووشەکی بەرگریی نوێ بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، خەمبار و نیگەرانە بە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی رووسیا بۆ سەر ناوەندێکی بازرگانی لە ئۆکرانیا، هاوکات رایگەیاند هاوکاریی کیێڤ دەکەن بە پێدانی مووشەکی بەرگری ئاسمانی.

شەممە 22ـی ئابی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی مووشەکی بەرگریی نوێ بۆ کیێڤ دەنێرێت، تاوەکو هەموو ئامرازە پێویستەکان بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی.

ماکرۆن ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی هاوتا ئۆکرانییەکەی ئەنجامدا، جەختی لەسەر پێویستی بەشداریی هەموو ئەو وڵاتانە کردەوە کە خاوەنی سەرچاوەی هاوشێوەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا بەدەست کەمیی مووشەکی بەرگرییەوە دەناڵێنێت لە بەرامبەر بۆردومانە بالیستییە رۆژانەکانی رووسیا.

هاوکات بریارە رۆژی دووشەممە، هاوپەیمانیی وڵاتانی پشتیوان لە کیێڤ، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی ماکرۆن و فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و بۆ یەکەمجاریش ئاندی بۆرنم، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.

ئەم هەوڵەی فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، لە رۆژانی رابردوودا هێرشی مووشەکی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیادیکردووە، لە دوایین هێرشی مووشەکە بالیستی و درۆنەکانی مۆسکۆ بۆ سەر کیێڤ، دەیان هاووڵاتی ئەو وڵاتە بوونە قوربانی.