جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێگەی ئەمریکای لە بواری وزە و ئابووریی لاواز کردووە
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە، ململانێ و گرژییە بەردەوامەکان لەگەڵ ئێران، زیانێکی زۆری بە ئابووریی ئەمریکا گەیاندووە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان لە بواری وزەدا کە هەیبووە کەمکردووەتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی واشنتن لە لیستی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکاندا لە پێشەوەیە، بەڵام گەشەی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا 200 هەزار بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕ نەکردووە. هاوکات بەهۆی کردەوە سەربازییەکان لە ناوچەکە، نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزدا پەککەوتوون و نەگەیشتوونەتە بازاڕەکان.
ئارت بێرمان، راوێژکاری بواری وزە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "ئەم ئیدارەیەی ئێستا، هاوشێوەی زۆربەی ئیدارەکانی دوای فرانکلین رۆزڤێڵت، لە پرسی وزە تێناگەن و جۆرێک لە نەزانییان لەو بوارەدا پێوە دیارە."
راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، نرخەکانی بەنزین و گازوایل بە رێژەی 40% بەرزبوونەتەوە. ئامارەکان نیشانی دەدەن تێکڕای نرخی گازوایل لە سەردەمی ترەمپدا ئاستێکی بەرزتری تۆمارکردووە بەراورد بە سەردەمی جۆو بایدن. جگە لەوەش، رێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە بۆ 4.2% بەرزبووەتەوە کە بەرزترین ئاستە لە سێ ساڵی رابردوودا، هەروەها سووی قەرزی خانووبەرە بۆ ماوەی 30 ساڵ، لە5.98% وە بۆ 6.65% زیادی کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا تەنیا 1.5% بووە، ئەمەش زۆر کەمترە لەو 5 بۆ 6%یەی کە هۆوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی بەڵێنی دابوو.
فاینانشاڵ تایمز جەختی کردووەتەوە، متمانەی بەکاربەری ئەمریکی بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە توندی دابەزیوە، هاوکات ناڕەزایەتییەکی زۆر لەنێوان هاووڵاتیاندا دروست بووە سەبارەت بە دۆخی ئابووری وڵات لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا.