دەم پارتی: ئەو دەقانەی بە ناوی ئۆجەلانەوە بڵاوکراونەتەوە دەستکاری کراون

شاندی ئیمرالیی پارتی شوێنکەوتووی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ئەو دەق و تۆمارانە دا کە بە ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەستکاری کراون و بڵاودەکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی رایگەیاند: ئەو دەق و تۆمارانەی لەبارەی دیدارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە و دەستکاری کراون.

بە گوتەی شاندەکە، دەقەکان بە ئامانجی دروستکردنی تێگەیشتنی هەڵە لەلای رای گشتی دەستکارییان تێدا کراوە، بە جۆرێک کە هەندێک لێدوان و ئاخاوتن بۆ سیاسەتمەداران زیاد کراوە کە لە بنەڕەتدا نەیانگوتووە.

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییە ناڕاستانە، تێکدانی رەوشەکەیە و هەوڵێکە بۆ زیانگەیاندن بە پرۆسەکە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، دەم پارتی هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان و داوایان لێدەکات بایەخ بەو دەق و بڵاوکراوانە نەدەن کە سەرچاوەیان نادیارە، تەئکیدیش دەکاتەوە کە تەنیا پشت بە راگەیەندراوە فەرمییەکان ببەستن.