روبیۆ: هەنگاوەکانی حکوومەتی سووریا دژی داعش و حزبوڵڵا بووە هۆی لابردنی سزاکان
روبیۆ و بەڕاک: سڕینەوەی ناوی سووریا لە لیستی تیرۆر وەرچەرخانێکی مێژوویییە و دەرگای وەبەرهێنان و ئاشتی دەکاتەوە
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریان دا بە هەڵوەشاندنەوەی ناوی سووریا وەک "دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆر" و دەرهێنانی "دەستەی تەحریری شام - HTS" لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکان و لیستی سزاکان، بە مەبەستی راکێشانی وەبەرهێنان و سەقامگیرکردنی دۆخی سیاسی و ئابووریی سووریا.
دووشەممە، 24ی ئابی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا هەڵگرتنی بەشێکی گەورەی سزاکانی سەر سووریا و دەستەی تەحریری شامی راگەیاند.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: وەزارەتی گەنجینە پابەندە بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی ترەمپ بۆ پێدانی دەرفەتێک بە گەلی سووریا بەرەو گەورەیی و پێشکەوتن. ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ یارمەتیدەر دەبێت لە راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ ناو خاکی سووریا، بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)، ناوی دەستەی تەحریری شام لە لیستی گەمارۆکانی تیرۆری نێودەوڵەتی و فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 13224 دەرهێنرا؛ چیتر مامەڵەکردن لەگەڵ تەحریری شام لەژێر سزاکانی تیرۆردا قەدەخە نییە و هاووڵاتییان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێویستیان بە مۆڵەتی پێشوەختەی نووسینگەکە نابێت بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ئابووری و بازرگانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا.
لە هەمان کاتدا و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر دوو سەرکردەی پێشووی تەحریری شامدا سەپاند کە لە دەستەکە جیابوونەتەوە و بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی رێکخراوی قاعیدە و حراس الدین. ئەوانیش:
- سەعد بن سەعد کەعبی، بەهۆی سەرپەرشتیکردنی تۆڕی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی و لۆجستی و گواستنەوەی پارە بۆ سەرکردەکانی قاعیدە.
- جەمال حوسێن زەینییە، سەرکردەی پێشووی تەحریری شام کە لە ساڵی 2020ەوە گرووپی لیوای ئەنساری دروستکرد و دواتر تێکەڵ بە رێکخراوی حراس الدین بوو، و دەستی هەبووە لە دروستکردنی شانەی تیرۆریستی، مەشقپێکردنی منداڵان لەسەر چەک و ئەنجامدانی تیرۆری سیاسی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، ئەم بڕیارە مێژوویییە بەشێکە لە هەوڵە فرەلایەنەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی، کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی دیمەشق و یارمەتیدانی گەلی سووریا بۆ سەرلەنوێ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری لە دوای ساڵانێکی درێژ لە جەنگ و وێرانی.
روبیۆ: هەنگاوەکانی حکوومەتی ئەحمەد شەرع دژی داعش و حزبوڵڵا بووە هۆی لابردنی سزاکان
هەروەها مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە،: ئەمڕۆ ڕەزامەندیم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ناوی سووریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر (SST)دا ، دوای ئەوەی وادەی یاساییی 45 رۆژەی ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس کۆتایی هات. هاوکات ناوی دەستەی تەحریری شام (HTS)م لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکان (SDGT) دەرهێنا. ئەم هەنگاوانە گوزارشت لە هەنگاوێکی مێژووییی دیکەی ترەمپ دەکەن تا گەلی سووریا بەرەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت."
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە درێژەپێدەری فەرمانی سەرۆکایەتیی مانگی حوزەیرانی 2025ە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سووریا، کۆتاییهێنان بە باری نائاساییی نیشتمانی و پێداچوونەوە بە تەواوی سزاکانی پەیوەندیدار بەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە مێژوویییە لە پای هەڵوێست و هەنگاوە بوێرانەکانی حکوومەتی نوێی سووریا هاتووە لە پەیڕەوکردنی پابەندبوونی تەواوەتی لەلایەن حکوومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع بۆ دوورخستنەوەی سووریا لە هەر کردەوەیەکی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی؛ بەشداریکردنی فەرمیی ئەو وڵاتە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە مانگی تشرینی دووەمدا و ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کاریگەر لەلایەن هێزەکانی سووریاوە بۆ تێکشکاندنی تۆڕەکانی داعش، قاعیدە، حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سەر خاکی وڵاتەکە.
روبیۆ دووپاتی کردەوە کە سڕینەوەی ناوی سووریا لە لیستی تیرۆر و هەڵگرتنی سزاکانی سەر تەحریری شام، دوایین بەربەستی گەورەی بەردەم کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی بیانی لە سووریا لادەبات، و رێگە بۆ بووژانەوەی خێرای ئابووری، دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخان و تێکەڵبوونەوەی تەواوەتیی سووریا بە ئابووریی جیهانی خۆش دەکات.
لێدوانی تۆم بەڕاک؛ ڕووخانی دیواری گۆشەگیری لەبەردەم گەلی سووریا
لە لایەکی دیکەوە، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بڕیارەکەی بە "وێستگەیەکی مێژوویی" لە دیدگای سەرۆک ترەمپ وەسف کرد و لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەم پۆلێنکردنەی تیرۆر وەک دیوارێک بوو کە گەلی سووریای لە وەبەرهێنان، دەرفەت و هەوڵەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان دابڕیبوو. ئەمڕۆ دیوارێکی دیکە رووخا؛ سەرمایە جێگەی ململانێ دەگرێتەوە، دەستپێشخەری جێگەی گۆشەگیری دەگرێتەوە و بازرگانی بەسەر پشێویدا سەردەکەوێت."
هەروەها گوتی: ئەمە تەنیا لابردنی ناونیشانێک نییە، بەڵکو بەردی بناغەی پەیوەندییەکی نوێی نێوان ئەمریکا و سووریایە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، ئاسایشی دوولایەنە و خۆشگوزەرانی. بەڵێن درا و بەڵێنەکەش جێبەجێ کرا؛ دەرفەت بە سووریا دراوە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم دەرفەتە بگوێزرێتەوە بۆ ئاشتی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی."