چین: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار

وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو جارێکی دیکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار و مەترسیدار، و داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان. هاوکات جەخت دەکاتەوە لەپێشینەی هەموو هەنگاوەکان دەبێت کەمکردنەوەی گرژییەکان بێت تا رێگری لە دووبارەبوونەوەی جەنگێکی وێرانکەر لە ناوچەکەدا بکرێت.

دووشەممە، 24ی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە میانەی پێشوازیکردنی لە شێخ جەڕاح جابر ئەحمەد سەباح، وەزیری دەرەوەی کوەیت لە بەژینگ، سەرنجی خستە سەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە کەنداو و گرنگیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

وەزیری دەرەوەی چین لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم وێستگەیەکی یەکلاکەرەوەدایە، نابێت سیناریۆی کۆنی سەرهەڵدانەوەی ململانێ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا دووبارە ببێتەوە. گرنگترین کاری لەپێشینە لەم کاتەدا، کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیرییە."

وانگ یی ئاماژەی بەوەش کرد، بەیژینگ ئامادەیە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ کوەیت و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە فراوانتر بکات لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەی کەنداودا.

ئەم هۆشدارییەی چین لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی گشتگیرترین هەڵمەتی ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە تاران راگەیاند، بە مەبەستی بڕینی سەرجەم سەرچاوە دارایییەکانی سوپای پاسداران و گۆشەگیرکردنی تەواوەتیی ئێران.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دایە سەرکردەکانی جیهان کە دەبێت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا یەکێکیان هەڵبژێرن، و جەختی کردەوە کە هیچ بانک و دامەزراوەیەکی دارایی (لەوانەش بانکەکانی چین) لە سزاکانی واشنتن بەدەر نابێت ئەگەر ئاسانکاری بۆ مامەڵەی نەوتی و داراییی ئێران بکات، و ڕاستەوخۆ لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت.

هاوکات بێسێنت ئاشکرای کرد کە ئارامگریی ئەمریکا بێسنوور نییە و بەم نزیکانە سزای قورس بەسەر دامەزراوەیەکی گەورەی داراییی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنن کە هاوکاریی تارانی کردووە.

پێشتر، کۆماری ئیسلامیی ئێران و هۆشداری دابوو کە ئەگەر جەنگی ئابووریی ئەمریکا بەردەوام بێت، رێگە نادرێت یەک دڵۆپ نەوت لە کەنداو و گەرووی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت، لە کاتێکدا پێش سەرهەڵدانی جەنگ، یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان لەو گەرووە ستراتیژییەوە گوازراوەتەوە. هاوکات تاران هۆشداریی نوێی ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە کە بەبێ مۆڵەت بە گەرووەکەدا تێنەپەڕن.

بەژینگ گەورەترین هاوردەکەری نەوتی کەنداوە و پەیوەندیی پتەوی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئێرانیشدا هەیە، جەخت دەکاتەوە کە تاکە رێگە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی وزە و ئاسایش، پەنابردنە بۆ دانوستانی راستەوخۆ و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی سزای تاکلایەنانە کە مەترسی لەسەر هێڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.