دۆناڵد ترەمپ پشکی لە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک کڕیوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڕی 50 هەزار دۆلاری لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس وەبەرهێنان کردووە. ئەم کۆمپانیایە کە خاوەنەکەی ملیاردێر ئیلۆن مەسکە، یەکێکە لە گەورەترین ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکادا هەیە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە داراییەی ترەمپ لە 12ی ئابدا واژۆی کردووە و لە 22ی هەمان مانگدا بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە 23ی حوزەیراندا پشکی بە بەهای نێوان 15,001 بۆ 50,000 دۆلار کڕیوە. ئەم مامەڵەیەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی دارایی فراواندایە، تێیدا ترەمپ لەو مانگەدا زیاتر لە هەزار مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پشکەکانی ئەنجامداوە.
پێشتر کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە 12ی حوزەیراندا پشکەکانی بۆ یەکەمجار خستەڕوو (IPO)، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و ژمارەی پێوانەیی لەو بوارەدا شکاند.
لە بەرامبەردا، دەیڤس ئینگڵ، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند: "سەرمایە و پۆرتفۆلیۆی دارایی سەرۆک لە لایەن دامەزراوە داراییە دەرەکییەکانەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێت." هەروەها جەختی کردەوە نە ترەمپ و نە ئەندامانی خێزانەکەی هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بەسەر چۆنیەتی و کاتی وەبەرهێنانەکان یان کڕین و فرۆشتنی پشکەکاندا.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم وەبەرهێنانە پەیوەندییەکی دارایی نوێ لە نێوان ترەمپ و کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک کە پێشتر راوێژکاری بووە دروست دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری ستراتیژی دەدات کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی بواری بۆشایی ئاسمان دەبێت.