سێنتکۆم: ئاراستەی دەیان کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە و سێ کەشتیشمان پەکخستووە

لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەڵمەتی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر کەشتیی فڕۆکە هەڵگریی 'یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش' بە شەو و رۆژ لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێک.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، توانیویانە ئاراستەی 71  کەشتیی بازرگانی بگۆڕن. لەم پرۆسەیەدا، سێنتکۆم سێ کەشتییان پەکخستووە و سەرکەوتوونەتە سەر دوو کەشتیی دیکە بە مەبەستی دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە بڕیارەکان.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش دا، هێزە ئەمریکییەکان رێگەیان بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 کەشتی داوە کە باری هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتبوو، بەبێ ئەوەی هیچ کۆسپێکیان بۆ دروست بکەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی پیادەی دەریایی ئەمریکا لە کەنداو، لەسەر کەشتیی 'یو ئێس ئێس بۆکسەر'  زنجیرەیەک مەشق و راهێنانی چڕی ئامادەییان ئەنجام داوە.

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا (UKMTO)  راپۆرتێکی لەسەر رووداوێکی هێرشکردنە سەر هێڵی کەشتیوانی لە دەریای عومان و نزیک گەرووی هورمز راگەیاند، بەپێی راپۆرتەکەی ئەو دەستەیە، هێرشەکە لە دووریی 9 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی ئەشیشە لە کەناراوەکانی عومان لە نزیک گەرووی هورمز روویداوە.

لەلایەکی دیکەوە، کاپتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە رایگەیاندووە، کەشتییەکە بە مووشەک پێکراوە، ئەوەش زیانی راستەوخۆی بە ژووری بزوێنەرەکان گەیاندووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتییەکە، سەرەڕای ئەوەش دەستەی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا باسی لەوە کردووە، سەرجەم دەستەی کەشتیوانان و کارمەندانی سەر کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.