پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئێران: هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمزدا

دانوستانەکانی فەرماندەی سوپای پاکستان لە تاران رێگەخۆشکەر بوون بۆ گەیاندنی پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمزدا؛ ئێران راوێژی ناوخۆیی دەکات و بەرپرسانیش جەخت لە گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی دەکەنەوە.

سێشەممە، 25ی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆ و سوپای پاکستان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ژەنەراڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەیان لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای تاران بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای پاکستان، گفتوگۆکانی شاندی وڵاتەکەیان لە تاران سەرنجی خستووەتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی، لەوانە، گرتنەبەری رێکاری خێرا بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی دیپلۆماسی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا و گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگ و ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران.

سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بە ئاژانسی "تەسنیم"ی راگەیاند، سەردانەکەی عاسم مونیر بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بووە نەک گەیاندنی هەڕەشەی ئەمریکا، و گوتی: ئێران تەواوی مەرج و تێڕوانینەکانی خۆی بۆ پرسی گەرووی هورمز بە شاندەکەی پاکستان راگەیاندووە، کە لەپێشینەیان پابەندبوونی واشنتنە بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد و جێبەجێکردنی بڕگەی پێنجەمی رێککەوتنەکە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: چاوەڕوان دەکرێت فەرماندەی سوپای پاکستان ئەم مەرجانەی تاران بە فەرمی بگەیەنێتە کۆشکی سپی.

موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کە یاوەریی فەرماندەی سوپای دەکرد لە تاران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: سەرۆککۆماری ئێران ئەوپەڕەی راشکاوی و دڵسۆزییەوە دیدگای حکوومەتەکەی خستەڕوو، و لەسەر تەواوی پرسە هەستیارەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕای زۆر ئەرێنی و بنیاتنەرمان ئەنجامدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە.

هەروەها سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی بە ئەلعەرەبیەی راگەیاند, کۆبوونەوەکەی نێوان عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راشکاو و یەکلاکەرەوە بووە سەبارەت بە چارەنووسی جەنگ و کێشەی گەرووی هورمز.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە ئەمریکا ئامادەیە تەواوی گەمارۆ دەریایی و سزاکانی ئەم دواییەی سەر ئێران هەڵبگرێت؛ لە بەرامبەردا، دەبێت ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بکاتەوە، و سەرجەم هێرش و پەلامارەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا رابگیرێن.

ئەلعەرەبییە ئاماژەی داوە، موحسین رەزایی وەک نوێنەری موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاندووە، رابەری باڵا خوازیاری گەیشتنە بە "چارەسەرێکی هەمیشەیی و بنەڕەتی" بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە؛ هاوکات هۆشداری دراوەتە واشنتن کە لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی، ئێران بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ؛ گوتیشی: تاران ئێستا راوێژی ناوخۆییی چڕ ئەنجام دەدات و لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی فەرمیی خۆی لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا ئاشکرا دەکات.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، ژەنەراڵ عاسم مونیر لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ رەزایی رایگەیاندووە هەردوو لایەنی واشنتن و تاران بەرپرسن لە تێکدانی لێکتێگەیشتنە پێشووەکان، و داوای لە ئێران کرد، کۆتایی بە هێرشی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانە بهێنێت کە لە ناوچەکەدا بەستراونەتەوە بە تارانەوە؛ هەروەها بگەڕێتەوە سەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران کە لە نێوان ترەمپ و پزیشکیاندا واژۆ کرابوو.

ئەم پێشکەوتنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە عاسم مونیر پێش گەیشتنی بۆ تاران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدابوو. لە کاتێکدا ترەمپ هۆشداریی لە سەپاندنی سزای توند دابوو بەسەر هەر وڵاتێک کە هاوکاریی تاران بکات، ناوبژیوانییەکەی پاکستان وەک تاکە دەرفەتی کراوە سەیر دەکرێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی گەرووی هورمز و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.