گەنجێکی کورد لە سوید هەڵمەتی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە
گەنجێکی خەڵکی کەرکووک، لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات خۆی بۆ ئەنجوومەنی هەرێمی ستۆکهۆڵم لە سوید کاندید کردووە و داوا لە کوردانی ئەو وڵاتە دەکات بەشداری لە دەنگداندا بکەن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سوید، ژمارەی کاندیدە کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە ناوەندەکانی بڕیاردان روو لە زیادبوونە. یەکێک لەو کاندیدانە رەنجدەر فالیحە، گەنجێکی خەڵکی شاری کەرکووکە و لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ ئەنجوومەنی هەرێمی ستۆکهۆڵم خۆی کاندید کردووە.
رەنجدەر فالیح قۆناخەکانی خوێندنی لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری لە زانکۆکانی ستۆکهۆڵم بڕیوە، ئێستا وەک ئەندازیاری "ئایتی" لە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەو بوارە لە سوید کار دەکات. ئەو دەیەوێت لە رێگەی سیاسەتەوە شارەزاییەکەی بخاتە خزمەت پێشخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە.
رەنجدەر بە ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: "دەمەوێت ئەو ئەزموونەی لە بواری ئایتیدا هەمە لە کارە سیاسییەکەشمدا بەکاری بهێنم، بەتایبەت لە پرسی دیجیتاڵکردن و بەیەکەوەبەستنی سیستەمە جیاوازەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان ئاسانتر بگەنە هاووڵاتیان."
پاراستنی سیستەمی خۆشگوزەرانی سوید یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی ئەم کاندیدە کوردە. لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: "هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی لە سوید هەن، وەک سیستەمی تەندروستی، خوێندنی بێبەرامبەر و یارمەتییەکانی بێکاری، لەسەر دەستی سۆسیال دیموکراتەکان دروست بوون، ئێمە نامانەوێت ئەم خزمەتگوزارییانە کەم بکرێنەوە، بەڵکوو دەمانەوێت بیانپارێزین و گەشەیان پێ بدەین."
رەنجدەر هۆشداری دەدات لە کەمی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان لە هەندێک ناوچە، بەتایبەت لەو ناوچانەی پەنابەرانی لێ دەژین، داوا لە هاووڵاتیان دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئەو دەڵێت: "لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە هەندێک شوێن رێژەی دەنگدان لە خوار 50% بووە، ئەمە جێی نیگەرانییە. هانی خەڵک دەدەین مافی خۆیان بەکاربهێنن و دەنگ بدەن، چونکە ئەگەر خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان نەدەن، کەسانی دیکە لەبری ئەوان بڕیار دەدەن."
ژمارەی کاندیدبوونی رەنجدەر فالیح لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان ژمارە 21ـە. ئەو ئەم ژمارەیە وەک هێمایەک بۆ نەتەوەکەی دەبینێت و دەڵێت: "ژمارەکەم 21ـە، هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جەژنی نەورۆز، ئەمەش زۆر دڵخۆشی کردووم. هیوادارم کوردستانیانی نیشتەجێی هەرێمی ستۆکهۆڵم متمانەم پێ ببەخشن، بەڵێن دەدەم خزمەتی کۆمەڵگەی سویدی بکەم و لە هەمان کاتدا هەرگیز پشت لە کوردبوونی خۆم و دۆزی نەتەوەکەم ناکەم."
بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، بەشداریکردنی کورد لە کایەی سیاسیی سوید بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. زۆربوونی کاندیدە کوردەکان لە پارتە جیاوازەکاندا وایکردووە دەنگی کورد و پێگەکەی لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سویددا بەهێزتر بێت، سەرباری کارکردنیان بۆ وڵاتەکەیان، دەبنە پردێکی پەیوەندیش بۆ گەیاندنی کێشەکانی نەتەوەکەیان بە جیهان.
کوردانی دانیشتووی سوید رۆڵێکی بەرچاویان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا هەیە و مێژوویەکی درێژیان لە چوونە نێو پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێییەکاندا تۆمار کردووە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا، شەش کاندیدی کورد توانییان کورسی لە پەرلەمانی سوید بەدەستبهێنن. هەروەها پارتە جیاوازەکان، بەتایبەت پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتی چەپ و پارتی لیبڕاڵ، چەندین کاندیدی کوردیان لەخۆگرتووە.
رەوەندی کوردی لە سوید ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 150 هەزار کەس و بەشێکی زۆریان مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمەش وایکردووە کاندیدە کوردەکان هەم کار بۆ پرسەکانی نێوخۆی سوید وەک تەندروستی و پەروەردە بکەن، هەمیش پرسی نەتەوەکەیان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئەوروپادا بورووژێنن.