یاسایەکی سەیروسەمەرە لە تیروپشکی چامپیۆنزلیگ

3 یاسا لە تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ جێبەجێ دەکرێت

راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ
راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ

تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ 2026 ـ 2027 بە بەشداریی 36 یانە رادەکێشرێت، یانەکان بەسەر چوار ئاست دابەشکراون، بەپێی یاسای نوێی تیروپشکەکە لە قۆناخی یەکەم نابێت ریال مەدرید و لیڤەرپوول لە یاریگەی ئانفیڵد رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە 27 ئابی 2026 لە هەرێمی مۆناکۆ لە فەرەنسا لە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێری پایتەخت تیروپشکی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رادەکێشرێت، تا ئەم ساتە 32 یانە سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ مسوگەر کردووە، ئەمشەو چارەنووسی چوار یانەی دیکە بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ یەکلایی دەبێتەوە.

3 یاسا لە کاتی راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ پەیڕەو دەکرێت
سبەی لە کاتی راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ سێ یاسا بۆ قۆناخی یەکەم جێبەجێ دەکرێت، یەکەمیان نابێت ریال مەدرید و لیڤەرپوول لە یاریگەی ئانفێڵد رووبەڕووی یەکتری ببنەوە، چونکە لە یاسای نوێی یوێفا، نابێت سێ وەرز لەسەریەک، دوو یانە لە یەک یاریگە لە هەر سێ پاڵەوانییەتییە ئەوروپییەکە رووبەڕووی یەکتری ببنەوە.
لە یاسای دووەم نابێت دوو یانەی هەمان خول و وڵات رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، بۆ نموونە لیڤەرپوول دوو یاریی بەرامبەر دوو لەم یانانەی ئاستی یەکەم دەکات (پاریس، بایرن، ریال مەدرید، ئینتەر میلان، بارسێلۆنا و ئاتڵێتیکۆ مەدرید)، بەڵام لیڤەرپوول لە قۆناخی یەکەم تەنیا نابێت بەرامبەر مان سیتی یاری بکات، چونکە بەپێی سیستەمی چامپیۆنزلیگ رێگە نادات لە قۆناخی یەکەم بەرامبەر هەمان یانەی وڵاتی خۆت یاری بکەیت. 
بەپێی یاسای سێیەم، نابێت یانەیەک رووبەڕووی 3 یانەی هەمان خولی وڵاتیكی دیکە بێتەوە.
بۆ نموونە لیڤەرپوول نابێت لە قۆناخی یەکەم بەرامبەر یانەکانی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و ئاتڵێتیکۆ مەدرید یاری بکات، ئەم یاسایە بۆ خولی هەموو وڵاتەکان جێبەجێ دەکرێت.

چانسی یانەکان بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2026 ـ 2027
بە گوێرەی پێگەی کڵاشی ئینگلیزی بارسێلۆنا زۆرترین چانسی بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ هەیە.
چانسی یانەکان بۆ بردنەوەی چاممپیۆنزلیگ بەم شێوەیەیە:
بارسێلۆنا 19%
پاریس سانجێرمان 17%
ئارسیناڵ 16%
بایرن میونشن 13%
ریال مەدرید 12%

یانەکان بۆ چوار ئاست دابەش کراون

ئاستی یەکەم:
پاریس سانجێرمان، بایرن میونشن، ریال مەدرید، لیڤەرپوول، ئینتەر میلان، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، بارسێلۆنا و ئاتڵێتیکۆ مەدرید.

ئاستی دووەم
بوروسیا دۆرتموند، رۆما، سپۆرتینگ لیسبۆنا، ئەستۆن ڤیلا، پۆرتۆ، مانچێستەر یونایتد، کلەب بروج، ریال بێتیس و ئایندهۆڤن.

ئاستی سێیەم
فێینۆرد، لیل، ناپۆلی، لایپزیگ، ڤیاریال، شاختار، گەڵاتەسەرای، بۆد گلیمت، فێنەرباهچە / لیۆن.

ئاستی چوارەم
سلاڤیا پراگ، شتوتگارت،  ئایک ئەسینا / لیڤسکی سۆفیا،  سێلجی/سلۆڤان،  لاسک، کۆمۆ ، لێنس، ڤایکینگ/ دینامۆ زەگرب و سەبا.