شیعری "قەقنەس"ی تەرزە جاف وەک ئۆپێرا لە چەند شارێکی هۆڵەندا نمایش دەکرێت
ئۆپێرای "قەقنەس"، لەسەر بنەمای شیعرێکی شاعیری ناسراوی کورد تەرزە جاف بە ناوی "ژن کە دەڕۆن، خودا غەزەبیان لێدەگرێت، باڵ دەگرن!" و بە ئاوازدانانی ئاوازدانەری هۆڵەندی هوبا دی گراف ئامادە کراوە، دوای سەرکەوتنێکی گەورە لە فێستیڤاڵێکی هۆڵەندا، بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا لە چەند شارێکی هۆڵەندا نمایش بکرێت.
پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، تەرزە جاف، شاعیر و وەرگێڕی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "دەربارەی ئەم بەرهەمە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئادریان ئایسڵستاین کونسوڵی هۆڵەندا، باسمان لە بەردەوامی و گەشەپێدانی ئەم پرۆژە هونەرییە کرد. هەروەها سوپاسی هاوڕێم نەزەند بەگیخانی دەکەم بە رێکخستنی دیدارەکە لەگەڵ کونسوڵی هۆڵەندا، بەگیخانی هەماهەنگییەکانی ئەم پڕۆژەیەی بەردەوام کردووە و لە پشتیوانیی بوارەکانی شیعر و مافی ژناندا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە."
گوتیشی، "ئەم دیدار و پەیوەندییە دەتوانێت ببێتە دەستپێکی هاوکارییە هونەرییەکانی داهاتوو لە نێوان هونەرمەندان و دامەزراوە کولتوورییەکانی کوردستان و هۆڵەندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی شیعر، ئۆپێرا و هونەری شانۆیی. هەروەها قەقنەس کە بە شێوەیەکی تایبەت لە نێوان شیعری کوردی و ئۆپێرای رۆژئاوایی پەیوەندی دروست کردووە، ئێستا هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێش دەچێت و لە چەند شارێکی هۆڵەندا نمایش دەکرێت."
تەرزە جاف باس لە گرنگیی ئەو شیعرەی دەکات کە بووەتە بنەمای کارێکی ئۆپێرایی و دەڵێت، "ئەم ئۆپێرایە بە یەکێک لە بەرهەمە جیاوازەکانی بواری هونەری کوردی دادەنرێت، چونکە شیعرێکی کوردی بە زمانی سۆرانی بووەتە بنەمای بەرهەمێکی ئۆپێرایی لەلایەن ئاوازدانەرێکی رۆژئاواییەوە. ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش لە دەوری ژن، ئازادی، هەستان و گۆڕانی دۆخی مرۆڤ دەسوڕێتەوە."
تەرزە جاف ئاماژەی بەوەش دا، "قەقنەس لە پاییزی ئەمساڵدا لە سێ شوێنی جیاواز لە هۆڵەندا نمایش دەکرێت؛ لە 2ی ئەیلوول لە فێستیڤاڵی کولتووری نۆڤا لە هیرلن، لە 7ی ئۆکتۆبەر لە شانۆی HNT لە دێنهاخ و لە 9ی ئۆکتۆبەر لە شانۆی زوایدپلێین لە رۆتەردام."
لە 12ی حوزەیرانی 2026، بۆ یەکەم جار شیعری "قەقنەس"ی تەرزە جاف بووە بنەمای کارێکی ئۆپیرا و هەر بە زمانی کوردی لە خولی 79یەمینی فێستیڤاڵی هۆڵەندا لە شاری ئەمستردام وەک ئۆپیرا خوێندرایەوە.
تەرزە جاف، شاعیر و وەرگێڕ، ساڵی 1972 لە سلێمانی لەدایک بووە، ساڵی 1995 بەکالۆریۆسی لە بواری جوگرافیا بەدەست ھێناوە. ساڵی 2016 وەکو پێشکەشکار لە دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 دامەزرا. خاوەنی چەند بەرهەمێکە لەبواری وەرگێڕان و شیعردا و چەندین بابەتی هەمەلایەنەی لە گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاوکردووەتەوە.

