شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند و پێشمەرگە خدر خۆشناو تێدەپەڕێت

شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند و پێشمەرگە خدر خۆشناودا تێدەپەڕێت؛ ئەو دەنگە ناسراوەی هەولێر کە بە گۆرانییە میللی و شۆڕشگێڕییەکانی، بەشێک لە مێژووی هونەری کوردیی تۆمار کرد و دوای کۆچی، دەنگ و بەرهەمەکانی هەروا لە یاد و بیرەوەریی خەڵکدا زیندوون.

پێنجشەممە، 27ی ئابی 2026، کەریم بایز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی- هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ژیانی هونەریی خدر خۆشناو، پەیوەندیکردنی بوو بە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی ـ هەولێر. ساڵی 1984 لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیە گۆرانی "ئەی دڵ یار رۆیی" تۆمار کرد. هەروەها لە ساڵانی هەشتاکاندا لەگەڵ من و پەروین شازادەی هونەرمەند، بە شێوەی هەفتانە لە بەغدا ئاهەنگ و بەرنامەی هونەریمان پێشکەش دەکرد."

گوتیشی، "ئەو هاوبەشییە هونەرییە لەگەڵ من و پەروین شازادە، تەنیا هاوکارییەکی ئاسایی نەبوو؛ بەڵکو بەشێک بوو لە ژیانی هونەریی ئەو نەوەیەی هونەرمەندان کە لە قۆناخێکی پڕ لە سنوورداری و فشاردا، بە گۆرانی و هونەر هەوڵمان دەدا دەنگی کوردی بپارێزین و بەردەوامی بە رەوشی هونەری بدەین."

کەریم بایز باس لە ژیانی هونەری خدر خۆشناو دەکات و دەڵێت، "خدر خۆشناو بە تایبەتی لە هونەری میللیدا توانای خۆی پیشان دا. دەنگی ئەو لەگەڵ گۆرانییە میللییەکاندا جۆرێک لە سادەیی و نزیکی بە ژیانی خەڵک هەبوو؛ ئەمەش وای کرد لە ناو ئەو کۆمەڵە گۆرانیبێژانەدا شوێنێکی تایبەت بۆ خۆی دروست بکات. ناوی ئەو بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ هونەری میللیی هەولێر پەیوەست بوو و دواتر وەک یەکێک لە ناسراوترین دەنگە میللییەکانی شار ناسرا."

کەریم بایز جەختی لەوەش کردەوە، "دوای راپەڕینی 1991، خدر خۆشناو لە بواری هونەری شۆڕشگێڕیدا بەردەوام بوو و بە تۆمارکردنی چەندین سروود و گۆرانی، بەشێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی خۆی بۆ ئەو قۆناخە تەرخان کرد. بەم شێوەیە کارەکانی تەنیا یادەوەرییەکی هونەری نەبوون، بەڵکو بەشێک لە مێژووی دەنگی ئەو سەردەمەش بوون."

کەریم بایز ئەوەشی گوت، "لەگەڵ کاری گۆرانیوتن، خدر خۆشناو ئەندامی تیپی هونەری میللیی هەولێر بوو و لە دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی ـ مەڵبەندی گشتی هەولێر کاری کردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندیی ئەو بە هونەر تەنیا لەسەر سەکۆ نەبوو، بەڵکو لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی چالاکییە هونەرییەکانیشدا بەشدار بووە."

 کەریم بایز ئاماژەی بەوەش دا، "کۆتایی ژیانی خدر خۆشناو، کۆتایی دەنگی ئەو نەبوو. ئەو دەنگەی لە قوتابخانەوە دەستی پێکرد، لە هەشتاکاندا لەگەڵ من و و پەروین شازادە گەشەی کرد و دوای راپەڕین بە گۆرانیی شۆڕشگێڕانە بەردەوام بوو، بەشێکە لە یادەوەریی هونەریی هەولێر و کوردستان. خدر خۆشناو تەنیا ناوی گۆرانیبێژێک نییە؛ ناوی دەنگێکە بە مێژووی هونەری میللیی هەولێر گەڕاوەتەوە، و بەرهەم و یادەوەرییەکانی بەشێک لە مێژووی گۆرانیی کوردیی ئەو سەردەمەن."

خدر خۆشناو، ساڵی 1961 لە گەڕەکی خانەقای هەولێر لەدایک بووە. لە منداڵییەوە پەیوەندییەکی پتەوی بە گۆرانی و هونەرەوە هەبوو. لە قوتابخانەدا لە بەرنامەکانی سروود و گۆرانی بەشداری دەکرد و لەو سەردەمەدا هونەرمەند چەتۆ حەسەن یارمەتیدەری بوو. ئەم دەستپێکە دواتر بوو بە بناخەی رێگەیەکی هونەری کە خدر خۆشناو بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوامی پێدا. ژیانی خدر خۆشناو تەنیا ژیانی هونەرمەندێک نەبوو؛ بەڵکو لەگەڵ بارودۆخی سەختی کۆمەڵگەی کوردیش تێکەڵ بوو. ساڵی 1973 لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو حاجی ئۆمەران چوو و دواتر بەهۆی رووداوەکانی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بوو و لە ئۆردوگای زێوە ژیا. ساڵی 1976 گەڕایەوە کوردستان و بەهۆی بارودۆخی ئەوکاتە و کەمکردنەوەی پۆلی خوێندن، خوێندنی بەجێهێشت و رووی لە کارکردن کرد. ماوەیەک کاری ئاسنگەری کرد، بەڵام خولیای هونەر و گۆرانی لە دڵیدا بەردەوام بوو. خدر خۆشناو ساڵی 1978 بە شێوەیەکی جدیتر دەستی بە کاری هونەری و گۆرانیگوتن کرد. ئەم هەنگاوە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بوو لە ژیانی هونەریی ئەو، قۆناخێک کە تێیدا دەنگی خۆی لە ناو کۆمەڵەی هونەرییەکانی هەولێر و دواتر لە ئاستی فراوانتری هونەری کوردیدا ناساند. ژیانی تایبەتیی ئەویش لەگەڵ ژیانی هونەرییەکەی بەردەوام بوو، ساڵی 1982 هاوسەرگیری کرد و خاوەنی سێ کوڕ و پێنج کچ بوو. لە دەرەوەی هونەر، لە منداڵییەوە خولیای بەخێوکردنی باڵندە و پەلەوەری هەبوو، کە ئەمەش رەنگێکی مرۆیی و جیاواز بە کەسایەتیی ئەو دەبەخشێت.

خدر خۆشناو لە 27ی ئابى 2020، لە تەمەنی 59 ساڵیدا، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەخاک سپێردرا.