لە سلێمانی فێستیڤاڵی هونەری فۆتۆگرافی بەڕێوەدەچێت
لەلایەن کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان، فێستیڤاڵی هونەری فۆتۆگرافی بە دروشمی "کامێرا چاوی مێژووە"، بەبۆنەی رۆژی جیهانی فۆتۆ، لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ناسح عەلی، فۆتۆگرافەر و گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "زیاتر لە 100 وێنەگر لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستانەوە کارەکانیان بۆ ناردبووین. دوای هەڵسەنگاندن، توانیمان بەرهەمی 70 وێنەگر هەڵبژێرین کە گوزارشت لە رەسەنایەتی، سروشت، دابونەریت و فەرهەنگی جۆراوجۆری ناوچەکانی کوردستان دەکەن."
شەممە، 29ـی ئابی 2026، ناسح عەلی، فۆتۆگرافەر و گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەم فێستیڤاڵە تایبەتەدا، 70 تابلۆی فۆتۆگرافی لەژێر دروشم و ئامانجی رەنگدانەوەی کولتوور، دابونەریت و ژیانی هەمەرەنگی هەموو پارچەکانی کوردستان نیشان دەدرێن. ئەم چالاکییە بەبێ جیاوازیی جەخت لەسەر یەکگرتوویی و دەوڵەمەندیی فۆتۆگرافی کوردی دەکاتەوە، بە تایبەتی بە بەشداریکردنی فۆتۆگرافەرانی باشووری کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ."
گوتیشی، "زیاتر لە 100 وێنەگر لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستانەوە کارەکانیان بۆ ناردبووین. دوای هەڵسەنگاندن، توانیمان بەرهەمی 70 وێنەگر هەڵبژێرین کە گوزارشت لە رەسەنایەتی، سروشت، دابونەریت و فەرهەنگی جۆراوجۆری ناوچەکانی کوردستان دەکەن."
ناسح عەلی باس لە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم فێستیڤاڵە، بەشداربوونی وێنەگرانی چوارپارچەی کوردستانە. لەم فێستیڤاڵەدا توانیومانە لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا دوو وێنەگری دیار بانگهێشت بکەین تا بە وێنەکانیان گوزەران و رۆژانە و کولتووری ناوچەکانی خۆیان نمایش بکەن."
گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە جەختی لەوەش کردەوە، "هۆکاری سەرەکیی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ کۆکردنەوەی وێنەگرانی چوارپارچەی کوردستان لە سلێمانی، دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و بیرۆکەکان. ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی چاوی کامێراکانمانەوە، فەرهەنگ، کولتوور و کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردستان بە ناوخۆ و تەواوی جیهان بناسێنین."
دەربارەی تەوەرە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە، ناسح عەلی دەڵێت، "نیشاندانی کامێرا و پێداویستییە دێرینەکانی فۆتۆگرافی کە لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لە کوردستاندا بەکارهاتوون. لە ماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، رۆژانە دوو مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دیاری ئەم بوارە وۆرکشۆپ و گوتار پێشکەش دەکەن. بەشداربووان و فێرخوازان گەنگەشە لەسەر بابەتە هاوچەرخەکانی وەک هۆشی دەستکرد، تیۆری فۆتۆگرافی دەکەن. سازدانی دیبەیتی کراوە لە نێوان مامۆستایانی زانکۆکانی سلێمانی، کۆیە و پەیمانگەکان لەگەڵ فێرخوازان و حەزخوازانی فۆتۆگرافی."
فێستیڤاڵی هونەری فۆتۆگرافی، بە بەشداری 70 فۆتۆگرافەری کوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، لە هۆڵی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.