پڕۆژەی "گفتوگۆی دەرهێنەرانی شانۆ" لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی فکری، هونەری و ئەکادیمیی شانۆی کوردی، لەلایەن کارگەی شانۆ پرۆژەیەکی رەخنەیی و مەعریفیی نوێ بە ناونیشانی "گفتوگۆی دەرهێنەرانی شانۆ" لە بینای زارا لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت. 

شەممە، 29ی ئابی 2026، ئاراس عەبدوڵڵا، ئەندامی کارگەی شانۆ بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پرۆژەیە وەک پلاتفۆرمێکی کراوە و دیالۆگئامێز داڕێژراوە تاوەکو دەرهێنەران، رەخنەگران و پسپۆڕانی بوارەکە لە دەورەی یەک مێز کۆبکاتەوە، بە ئامانجی پشکنینی ئاریشە فکری و بەرهەمهێنانییەکان و دەوڵەمەندکردنی ئاسۆی تیۆریی شانۆکاران."

گوتیشی، "ئەم پڕۆژە فکرییە جەخت لەسەر بنەمای زانستی دەکاتەوە؛ بە شێوازێک کە هیچ قسەکەرێکی سەرەکی یان سەکۆیەکی تاکڕەوانە بوونی نییە، بەڵکو تەواوی بەشداربووان لە دیالۆگێکی ئاسۆیی، بەرفراوان و بەشداریپێکراودا تێڕوانین و ئەزموونی کارکردنی خۆیان لەسەر تەوەری دیاریکراو دەخەنەڕوو."

ئاراس عەبدوڵڵا باس لە تەوەرە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە دەکات و دەڵێت، "لە سەرەتای ئەم زنجیرە دانیشتنانەدا، یەکەم گفتوگۆ تەرخانکراوە بۆ یەکێک لە ئاڵۆزترین و پڕململانێترین بابەتەکانی مێژووی شانۆ، ئەویش پەیوەندیی دەقی ئەدەبییە بە فەزای نمایشەوە. گفتوگۆکە چەندان پرسیاری جەوهەری و فەلسەفی لەبارەی پێگەی دەق دەقوڵێنێت وەکو، سنووری نێوان ئازادی و پابەندبوون؛ تا چ ئاستێک دەرهێنەر مافی هەیە دەستکاری دەقی شانۆیی بکات؟ ئایا دەستکاریکردن خزمەت بە دەق دەکات یان جەوهەرەکەی تێکدەدات؟."

ئاراس عەبدوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە، "تەوەرەکانی دیکە بریتین لە، هێزی وشە و بنەماکانی دەستکاریکردن؛ دیاریکردنی سنوورە هونەرییەکانی دەستکاریکردنی دەق و شیکردنەوەی سەنگ و قورسایی کەرەستەی لۆژیکی و زارەکی لە بەرامبەر رەگەزی  سێنۆگرافییەکاندا. هەروەها هاوسەنگیی نێوان وشه و کردار؛  لە ئەزموونی شانۆی هاوچەرخدا، ئایا وشه زاڵە بەسەر نمایشدا یانیش کردار و جوڵەی شانۆیی جڵەوی ئەکتەر دەگرێتە دەست؟. هەروەها رەهەندەکانی دراماتۆرگی لە شانۆی ناوخۆدا؛ رەخنەگرتن و داڕشتنەوەی چەمکی دراماتۆرگی؛ ئایا ئەوەی ئێستا جێبەجێ دەکرێت تەنیا کورتکردنەوە و وەرگێڕانی وشەیە، یان پرۆسەیەکی دراماتۆرگیی راستەقینەیە کە جەستە، شوێن و زەمەن دەبەستێتەوە بە یەکتر؟."

دەربارەی دیدگای داهاتووی پرۆژەکە، ئاراس عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەم هەنگاوە تەنیا سەرەتای زنجیرەیەکی درێژخایەنە. لە قۆناخەکانی داهاتوودا، بازنەی گفتوگۆکان فراوانتر دەکرێن تاوەکو بوارەکانی دیکەی وەکو نواندن، داڕشتنی سینۆگرافیا، دیزاینی رۆشنایی و دەنگ، و فەلسەفەی دەرهێنان بگرێتەوە، بە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی رەخنەیی لەناو بزووتنەوەی شانۆیی ناوچەکەدا."

پرۆژەی "گفتوگۆی دەرهێنەرانی شانۆ"، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 29ی ئابی 2026، کە چەندین دەرهێنەری بەئەزموون تێیدا بەشدارن، لە بینای زارا لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.