پووتین و شی و پزشکیان بۆ تاوتوێکردنی هاوسەنگیی هێز کۆدەبنەوە

دووشەممەی داهاتوو، سەرۆکی رووسیا، چین، ئێران و هیندستان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی رێکخراوی هاوکاریی شەنگهای دەگەنە بیشکیکی پایتەختی قرغیزستان، ئەم لووتکەیە دوو رۆژ دەخایەنێت و لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لەو بلۆکە هەرێمییە رووبەڕووی قەیران بوونەتەوە.

شەممە 29ـی ئابی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، نزیکەی 10 سەرۆکی وڵات و حکوومەت، کە هەندێکیان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوا گرژیی تێدایە، ئامادەبوونی خۆیان بۆ لووتکەکە پشتڕاست کردووەتەوە، ئەم لووتکەیە هاوکاتە لەگەڵ 25ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوەکە، کە ئامانجی دروستکردنی هێزێکی هاوسەنگە بەرامبەر بە هەژموونی رۆژئاوا.

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێران و هەروەها نارێندرا مودی و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و پاکستان، بەشداریی خۆیان لە لووتکەکەدا پشتڕاست کردەوە، کە بە سەرپەرشتیی سادیر جبارۆڤ، سەرۆکی قرغیزستان بەڕێوە دەچێت، وا بڕیارە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان پووتین و پزیشکیان کۆبونەوەیک بکەن. 

یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پووتین کۆبوونەوەی جیاواز لەگەڵ شی، مودی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات، ئوشاکۆڤ رێکخراوی هاوکاریی شەنگهای بە یەکێک لە پایەکانی جیهانێکی فرەجەمسەر وەسف کرد، کە بەهێز دەردەکەوێت.

ئەم بلۆکە 10 وڵات لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە بێلارووس، چین، هیندستان، ئێران، رووسیا، کازاخستان، قرغیزستان، ئۆزبەکستان، پاکستان و تاجیکستان، رێکخراوەکە هەوڵ دەدات ببێتە چەقی هاوسەنگکردنی هێز بەرامبەر بە هەژموونی رۆژئاوا و گرنگی بە پرسە ئەمنییەکان و ئابووری دەدات.

رێکخراوەکە لە ساڵانی دواییدا بە پاڵپشتیی بەیژینگ و مۆسکۆ گەشەی کردووە و 15 هاوبەشی دیالۆگ و دوو وڵاتی چاودێر کە ئەفغانستان و مەنگۆلیان، بۆی زیاد بوون، لە کاتێکدا راگەیەندراوی دامەزراندنی رێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوپەیمانییەکی دژ بە وڵاتانی دیکە نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت پووتین و شی لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و خستنەڕووی دیدگای خۆیان بۆ جیهانێکی فرەجەمسەر، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا بەکاری بهێنن.

پووتین پێشتر رۆژئاوای بە هۆکاری جەنگی ئۆکرانیا تۆمەتبار کردووە و سەرۆکی چینیش ئاماژەی بە کردەوەی تیرۆرکردن لەلایەن هەندێک وڵاتەوە کردووە، کە مەبەستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و بەیژینگە، ئەم بلۆکە هەرێمییە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی جیهان و 25%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێک دەهێنێت، بەڵام هێشتا ناهاوئاهەنگە و ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ئەندامیدا هەیە.

چین و رووسیا لە ئاسیای ناوەڕاست کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سووتەمەنی و رێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا، کێبڕکێ دەکەن، هەروەها پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ هیندستان و پاکستان لە هەندێک کاتدا گرژیی بەخۆوە دەبینێت.

لووتکەکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە چەند وڵاتێکی ئەندام سەرقاڵی جەنگن، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کە چوار ساڵ و نیوە بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەکی چارەسەر دیار نییە، لەگەڵ جەنگی ئێران کە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتدا دەستی پێ کرد.

وڵاتانی ئەندامی دیکەش خەریکی ناکۆکیی بازرگانین، بەتایبەت چین و هیندستان کە لەژێر باری باجی گومرگی قورسی ئەمریکادان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە هاوپەیمانانی ئێران کردووە و ئەم هەفتەیە سزای لاوەکی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی زێڕ، تەکنەلۆژیا، سەروەتە دیجیتاڵییەکان، فڕۆکەوانی و دەریاوانی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێک بۆ خنکاندنی ئابووریی تاران.

لە بەرامبەردا چین کە هاوبەشی گەورەی بازرگانیی ئێران و هاوردەکاری سەرەکیی نەوتەکەیەتی، هۆشداری دا بە توندی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات، رووسیاش بەهۆی پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازی و بازرگانییەکان، بە هاوبەشێکی گرنگی تاران هەژمار دەکرێت، هاوکات ئێران بەردەوام رەتی دەکاتەوە ملکەچی فشارە ئابووری و هەڕەشەکان بێت و لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ـەوە لەژێر سزای ئەمریکا و نێودەوڵەتیدایە، هەرچەندە سەرۆکی ئێران دانی بەوەداناوە کە وڵاتەکەی دوای دەیان ساڵ لە گەمارۆکان، رووبەڕووی چەندان سەختی بووەتەوە.