حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەکی نوێی بۆ پشتبەستن بە ئاوی سەرزەوی دەستپێکرد
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەکی نوێی بۆ پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی پەسەند کردووە و پلانێکی تۆکمەی بۆ 24 ساڵی داهاتوو ئامادە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستراتیژییەکی نوێ بۆ پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی داڕێژراوە. ئەم پلانە سەرچاوەکانی وەک رووبار، دەریاچە، کانیاو و بەنداوەکان، بەتایبەت رووبارەکانی دیجلە، زێی گەورە، زێی بچووک، خاپوور و سیروان لەخۆ دەگرێت.
حکوومەت ئێستا 25 پڕۆژەی ستراتیژی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە. ئاری ئەحمەد گوتی: "توانای بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆژانە رۆژانە دەگاتە سێ ملیۆن و 678 هەزار و 563 مەترسێجا ئاو، کە بە تێکڕا دەکاتە 153 هەزار مەترسێجا لە کاتژمێرێکدا."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای کرد، پلانی حکوومەت بۆ 24 ساڵی داهاتوو، واتە تا ساڵی 2050، زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوەیە بە بڕی دوو ملیۆن و 100 هەزار مەترسێجا لە رۆژێکدا. ئەم ئامانجە لە رێگەی جێبەجێکردنی 26 پڕۆژەی نوێی ستراتیژی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بەدی دێت کە سەرجەمیان پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ژمارەی سوودمەندانی ئەو پڕۆژانە دەگاتە 11 ملیۆن و 660 هەزار کەس. جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی دەبێت.
بەپێی ئەو پلانە، پشتبەستن بە ئاوی سەرزەوی بۆ 75%ـی بەرز دەبێتەوە و پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی بۆ 25% دادەبەزێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێستا پێنج هەزار و 810 بیری ئاو لە کاردان.