کابینەی نۆیەم کێشەی زیاتر لە 83 هەزار زەوی کارتی یەکلایی کردەوە
لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەت دا کێشەی زیاتر لە 80 هەزار زەوی کارت یەکلایی کراوەتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبکاربوونەوەی کاری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کارتەکان کرد و یەکەیەکی تایبەت بە زەوییە کارتەکانی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە و وەزارەتی شارەوانی کردەوە.
لەوبارەیەوە دکتۆر لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ساڵانی رابردو ژمارەیەکی زۆر زەوی دابەشکراون و هێشتا زەوییەکان کارتن و تاپۆ نەکراون، بەڵام لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورە لەبارەوە نراون و تاوەکو ئێستا 83 هەزار پارچە زەوی کارت سەندییان بۆ کراوە و تاپۆ کراون و پرۆسەکەش بەردەوامە.
داواشی لە ئەوانەی زەوی کارتییان هەیە سەردانی شارەوانییەکانی سنوورەکانیان بکەن بۆ ئەوەی کێشەی زەوییە کارتەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت. بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، تاوەکو ئێستا 11 هەزار پارچە زەوی کارت ماون دۆسییەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە بۆ ئەوەی تاپۆ بکرێن، چونکە بەشێک لەو زەوییانە کێشەی یاساییان هەیە و بەشێکی دیکە کێشەی تەکنیکی، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن و دەیانەوێت دۆسیەی سەرجەم زەوییە کارتەکان یەکلایی بکەنەوە.
سەبارەت بە پرۆسەی تاپۆکردن و گۆڕینی زەوی کارت بۆ سەنەد و تاپۆ، گوتی، بەشێک لە زەوییەکان بەناوی شارەوانی دەکرێن و دواتر بەناوی خاوەنەکەی دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان تەنیا چەند رێکارێکی یاسایی و کارگێڕیان هەیە و تاپۆ دەکرێن.