لە هەولێر هۆڵێکی شانۆ بەناوی هونەرمەند "سەفوەت جەڕاح" کرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، هۆڵێکی شانۆیان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر بەناوی هونەرمەند سەفوەت جەڕاح کردەوە.

سێشەممە، 1ـی ئەیلولی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەفوەت جەڕاح لەو هونەرمەندانە بوو کە شانۆی تەنیا بە پیشە یان سەرگەرمییەک نەدەبینی، بەڵکو شانۆی بە دەنگی کۆمەڵگە، ئاوێنەی ژیان و شوێنێک بۆ دەربڕینی ئازار، خۆشەویستی و خەباتی مرۆڤ دەزانی.

مستەفا روونیکردەوە، رۆڵەکانی جەڕاح لەسەر تەختەی شانۆ تەنیا کارەکتەر نەبوون، بەڵکو بەرجەستەکردنی هەست و پرسیار و دەنگی ئەو مرۆڤانە بوون کە لە ژیاندا بەدوای مانایەک بۆ بەردەوامبوون دەگەڕێن.

بەگوتەی بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر، جەڕاح لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکانیدا بە توانای خۆی بەشداری لە دروستکردنی رەوتێکی نوێی هونەریدا کردووە و شانۆی کوردی لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە گواستووەتەوە. ئەو بە ماندووبوونی خۆی سەلماندی کە هونەرمەند تەنیا ئەو کەسە نییە لەبەر چاوی خەڵکدا دەردەکەوێت، بەڵکو ئەو کەسەیە لە پشت پەردەشەوە هەموو ژیانی بۆ هونەر تەرخان دەکات.

سەبارەت بە گرنگیی ئەم هەنگاوە، شاخەوان مستەفا گوتی، ناونانی ئەم هۆڵە بەناوی سەفوەت جەڕاح، تەنیا ناونانی شوێنێک نییە، بەڵکو یادکردنەوەی هونەرمەندێکە کە ژیانی خۆی کرد بە بەشێک لە ژیانی شانۆ. ئەم هەنگاوە رێزێکە بۆ رابردوو و پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە هونەرمەند ئەگەر بە راستی خزمەتی هونەر بکات، لە دوای خۆی شوێنێک بەجێدەهێڵێت کە ناوی و بیرەوەرییەکانی تێدا دەژی.

مستەفا جەختیکردەوە، جەڕاح لە شانۆدا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە و کردنەوەی هۆڵەکە بەناوی ئەوەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی شانۆ تەختەکەی بۆ یادەوەریی ئەو هونەرمەندە رووناک دەکاتەوە کە ساڵانێک لە پێناوی داهێنانی شانۆییدا خەباتی کردووە.

سەفوەت جەڕاح، شانۆکار، ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و فیلمسازی کورد، ساڵی 1935 لە کۆیە لەدایکبووە. دەستپێکی کاری هونەریی جەڕاح بۆ ساڵانی 1953–1954 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە هەولێر وەک ئەکتەر لە شانۆگەری ئۆتێلۆ بەشداری کرد. جەڕاح لەو شانۆگەرییەدا رۆڵی دێزدەمونەی گێڕا، کە بەهۆی نەبوونی ئەکتەری ژن لەو سەردەمەدا، وەک ئەزموونێکی مێژوویی لە شانۆی کوردیدا تۆمار کرا.

جەڕاح لە ساڵی 1959 بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە. لە نێوان ساڵانی 1970 تا 1999 لە دەزگەی سینەما و شانۆ، کۆشکی رۆشنبیری و هونەر لە بەغدا و هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ و هونەرە میللییەکان لە هەولێر، پۆست و بەرپرسیاریەتییە هونەرییەکانی بەڕێوە بردووە.

لە دیارترین ئەو بەرهەمانەی جەڕاح دەرهێنانی بۆ کردوون، دەتوانرێت ئاماژە بە سورمێ خان (1985)، کانی مەلەک رێزان (1986)، خاتوو کڵاوزەر (1987)، پرسەی سیراجەددین (1988) و راوچی و کونەبا (1989) بکرێت.

سەفوەت جەڕاح لە 19ـی تەممووزی 2010 کۆچی دوایی کرد، بەڵام بەرهەم و خزمەتەکانی وەک بەشێک لە بیرەوەری و مێژووی شانۆی کوردی بە زیندوویی ماونەتەوە.