حەمە رەئوف کەرکووکی گۆرانی "بستووی مەرگم"ی بڵاوکردەوە
حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "بستووی مەرگم" بڵاوکردەوە و دەڵێت " لەو بەرهەمەدا هەوڵم داوە میوزیک و گۆرانییەکە بە شێوەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بگاتە گوێی گوێگر."
سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەم لە هۆنراوەی عەتای کلاسیکە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، کاری میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن خەلیل عەبدوڵڵا ئامادەکراوە و ژمارەیەک میوزیکژەن لە تۆمارکردنی ئەو بەرهەمە بەشداربوونە"، گوتیشی، "بڵند قەرەداخی کەمانچە و ڤیۆلای لێداوە، خەلیل عەبدوڵڵا عود، شمشاڵ، مراژ و سێتاری تێکەڵ بە میوزیکی بەرهەمەکە کردووە، جەنگین جەمال زەربەکانی ئەم گۆرانییەی لێداوە، هەروەها کاری تۆمارکردن بەرهەمەکە لەلایەن بڵند قەرەداخی کراوە."
حەمە رەئوف باس لە تایبەتمەندیی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، "گۆرانی "بستووی مەرگم"، بە رەنگ و شێوازێکی جیاواز لە بەرهەمەکانی پێشووم ئامادەم کردووە؛ ئەم گۆرانییە بە تێکەڵکردنی شێوازی پاپ و سۆنەت، رەنگێکی نوێ و تایبەتی بە کارەکەم بەخشیوە و هەوڵم داوە میوزیک و گۆرانییەکە بە شێوەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بگاتە گوێی گوێگر."
حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1956 لە کەرکووک لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییە. یەکەمین گۆرانیشی بە ناوی "ئەی خەجێی خەجان" تۆمار کردووە. ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەندین گۆرانی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.