پلانی نوێی عێراق؛ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان
عێراق پلانی ستراتیژیی کەرتی نەوتی بۆ ساڵانی 2027-2030 تاوتوێ دەکات، کە تێیدا ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تا ساڵی 2030 بۆ نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، کۆبوونەوەیەکی بەفراوان بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت و ژمارەیەک لە راوێژکاران، بە مەبەستی بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی ستراتیژیی پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2027-2030 بەڕێوەچوو.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە پێویستە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوتی، تواناکانی کەرتی وزە و رێژەی دانیشتوانی وڵاتەکەدا بگونجێت، بە جۆرێک کە بتوانێت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و داواکارییەکانی گەشەپێدان دابین بکات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پێویستیی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و تواناکانی هەناردەکردن بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی چاوەڕوانکراوی بەرهەمهێناندا هاوتەریب بێت.
سەبارەت بە پرسی گاز، رێنمایی درا کار بۆ وەبەرهێنانی تەواو لە گاز بکرێت؛ بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی بۆ وزە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، و گەیشتن بە قۆناغی خۆبژێوی بۆ راگرتنی هاوردەکردنی غازی دەرەکی."
بە پێی راگەیەنراوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، رێنمایی درا بۆ زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلانە ستراتیژییەکە و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تا ساڵی 2030
هاوکات وەزارەتی نەوت راسپێردرا بۆ ئامادەکاریی بەستنی کۆنفرانسێکی بەرفراوان کە تێیدا بانگهێشتنامە ئاراستەی کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بکرێت، بە ئامانجی راکێشانی وەبەرهێنان، سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تەکنەلۆجیای جیهانی و، گرێبەستکردن لەگەڵیاندا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەڕان، بەرهەمهێنان، گەشەپێدان و هەناردەکردن؛ ئەمەش بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە بازاڕی وزەی جیهانیدا و پاڵپشتیکردنی سەرچاوە دارایی و تواناکانی ئابووریی وڵاتەکە.