حکوومەتی هەرێم لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بە گوژمەی زیاتر لە 150 ملیۆن دینار، دەستپێکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای ستراتیژی و نێودەوڵەتیی هامڵتۆنی راگەیاند، کە لە شارەدێی خەلیفانەوە دەستپێدەکات تاوەکوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانی دارایی و فشارە ئابوورییەکان، لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە. هاوکات لەگەڵ لەباربوونی کەشوهەوا و گونجاوی پلەکانی گەرمیدا، تیمەکانی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران سەرقاڵی کارکردنن بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگای هامڵتۆن، کە بە یەکێک لە ڕێگا گرنگە بازرگانی و گەشتیارییەکان دادەنرێت.
ئەم ڕێگایە کە لە خەلیفانەوە تا دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران یەک سایدە (تاکڕێڕەوە)، جووڵەیەکی زۆری هاتوچۆی لەسەرە و بەهۆی تایبەتمەندیی سەختی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکەوە، ساڵانە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی بەردەوام هەیە.
رێگای هامڵتۆن جگە لەوەی رێگایەکی نێودەوڵەتییە و هەرێمی کوردستان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبەستێتەوە، هاوکات رێگای سەرەکیی دەڤەری سۆران و باڵەکایەتییە، کە بەهۆی هەبوونی ناوچەی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم رووی تێدەکەن.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند: بە گوژمەی زیاتر لە 150 ملیۆن دینار دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی رێگای هامڵتۆن لە خەلیفانەوە تاوەکوو دەگاتەوە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە ئامانجی چاککردنی دۆخی رێگاکە و پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و هاووڵاتییان.