پڕۆژەی "سندووقی فیلمی کوردستان" دەستپێدەکات
بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی سینەمای کوردی بۆ رکابەریکردن لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، "سندووقی فیلمی کوردستان"، بە فەرمی یەکەمین بانگەوازی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری رادەگەیەنێت و ئەمەش وەرچەرخانێکی نوێیە لە مێژووی سینەمای کوردیدا.
باڤی یاسین، سەرۆکی کۆمسیۆنی فیلمی کوردستان دەڵێت، "ئەم سندووقە نیشتمانییە بە بڕی دوو ملیۆن دۆلاری ساڵانە، پاڵپشتی سینەماکاران و فیلمسازە کوردەکان دەکات لەسەر ئاستی جیهان و پیشەسازی نوێی بواری بینراو و بیستراو و هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانی کوردستان بەهێزتر دەکات.
سێشەممە، 1ی ئەیلوولی 2026، باڤی یاسین، دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمسیۆنی فیلمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، "سندووقی فیلمی کوردستان لەلایەن منەوە دامەزراوە و ئەمە یەکەمین دامەزراوەی نیشتمانیی لەم جۆرەیە کە تایبەت کراوە بۆ پاڵپشتیکردنی سینەماکاران و فیلمسازانی کورد لە سەرانسەری جیهاندا و به تەرخانکردنی بڕی دوو ملیۆن دۆلاری ساڵانە کە بەسەر دوو خولی پێشکەشکردندا دابەش دەکرێت، سندووقەکە پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە پرۆژەکان دەکات لە قۆناخە جیاوازەکانی فیلمسازیدا وەکو، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، بەرهەمهێنانی هاوبەش، پاش بەرهەمهێنان، بڵاوکردنەوە."
گوتیشی، "ئەم سندووقە لوتکەی ساڵانێک کارکردن و باوەڕبوونێکی قوڵە بەوەی کە سینەمای کوردی شایستەی پێگەی خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان. ئیمە لە رێگەی سندووقی فیلمی کوردستانەوە تەنیا وەبەرهێنان لە فیلمدا ناکەین، بەڵکو وەبەرهێنان لە نەوەیەکی فیلمسازان و سینەماکارانی کورد و لە ئایندهی ناسنامەی کولتووریماندا دەکەین و دامەزراندنی سندووقی فیلمی کوردستان بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ بنیاتنان و بەردەوامیدان بە ژینگەیەکی پیشەگەرانە لە هەرێمی کوردستاندا."
باڤی یاسین باس لە گرنگیی ئەو پاڵپشتییە داراییە دەکات و دەڵێت، "هاوتای پاڵپشتی دارایی، کۆمسیۆنی فیلمی کوردستان کار دەکات بۆ دارشتنی ئەو بنەمایانەی کە پێویستن بۆ پیشەسازییەکی بەردەوام، ئەوەش لە رێگەی بەرنامەی راهێنانی پیشەیی، وۆرکشۆپ، ماستەرکلاس، تاقیگەی فیلم، پاڵپشتی بەرهەمهێنان، هاوبەشی نێودەوڵەتی و ژێرخانی پیشەسازی درێژخایەن."
دەربارەی ئامانجی پڕۆژەکە، باڤی یاسین دەڵێت، "ئامانجەکە دروستکردنی ژینگەیەکە کە تێیدا سینەماکارانی کورد بتوانن لێهاتووییەکانیان پەره پێبدەن و کاروانی پیشەیی بەردەوام بنیات بنێن و بەرهەمێک بخەنەڕوو کە توانای رکابەری و هاوبەشی نێودەوڵەتی هەبێت و ئامانجەکەمان درێژخایەن و روونە؛ بنیاتنانی پیشەسازییەکی نوێیە لە کوردستان."
باڤی یاسین جەختی لەوەش کردەوە، "سندووقەکە تەنیا ئامرازێکی دابینکردنی دارایی نییە، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستەمێکی پەیوەست بە یەکترەوە دارێژراوە کە بودجە، گەشەپێدانی پیشەیی و دەستراگەیشتن بە ئاستی نێودەوڵەتی پێکەوە گرێ دەدات و مەبەستەکە زۆری و چەندایەتی نییە، بەڵکو کوالێتییە. سندووقەکە کار لەسەر هێڵێکی بنەڕەتی دەکات؛ دڵنیابوونەوە لەوەی کوالێتی بەرهەمە کوردییەکان بگاتە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی."
باڤی یاسین باس لە بەهێزکردنی چیرۆکی کوردی لەو سندووقە دەکات و دەڵێت، "ئەم سندووقە پابەندبوونێکە بۆ بەهێزکردنی گێڕانەوەی چیرۆکی کورد و پێدانی پاڵپشتییەکی دامەزراوەیی زیاتر بە فیلمسازان بۆ ئەوەی چیرۆکەکانیان لە رەگی کولتوور و ئەزموون و دیدگای خۆیانەوە بگێڕنەوە."
ئەوەشی گوت، "سندووقەکە بۆ سینەماکارانی کورد و پرۆژە شایستەکان چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ بۆ کورد لە هەموو جیهاندا کراوە دەبێت، ئامانجەکە رەنگدانەوەی سروشتی جیهانیی کۆمەڵگە کوردییەکان و بەهرەمەندە داهێنەرەکانە. پرۆژەکان دەبێت پەیوەندییەکی مانادار و راستەقینەیان بە ناسنامە و کولتوور و زمان و کۆمەڵگە یاخود چیرۆکە کوردییەکانەوە هەبێت."
سەرۆکی سندووقی فیلمی کوردستان باس لە دیاریکردنی جۆرەکانی پڕۆژەکە دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەکە لە چەند جورێک پێکهاتووە، کە فیلمسازان و سینەماکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بریتیین لە، فیلمی کورت، فیلمی بەڵگەنامەیی، فیلمی درێژی سینەمایی، زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان."
باڤی یاسین باسی لەوەش کرد، "لە درێژایی مێژوودا، کەسانی تر چیرۆکی ئیمەیان گێڕاوەتەوە. ئێمە دەمانەوێت چیرۆکەکانمان لە دیدگای خۆمانەوە بگێڕینەوە، تاوەکو لە رێگەی هونەر، کولتوور و پیشەسازییە داهێنەرەکانەوە خۆمان لەسەر نەخشەی جیهان جێگیر بکەین."
باڤی یاسین باس لە گرنگیی هاوبەشی نێودەوڵەتی لەو پڕۆژەیە دەکات و دەڵێت، "هاوبەشی نێودەوڵەتی کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ستراتیژی سندووقەکەدا. سندووقی فیلمی کوردستان ئامانجیەتی رێگەی بەهێزتر لە نێوان سینەماکارانی کورد، بەرهەمهێنەران، دابینکەرانی دارایی، کەناڵەکان، بڵاوکەرەوەکان، فێستیڤاڵەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات."
باڤی یاسین ئاماژەی بەوەش دا، "بە پێدانی پاڵپشتی دامەزراوەیی و دارایی بە پرۆژە کوردییەکان، ئەم سندووقە کار لەسەر ئەوە دەکات کە بەرهەمهێنانی هاوبەش و هاوبەشی نێودەوڵەتی ئاسانتر بکات و یارمەتی چیرۆکە کوردییەکان بدات بگەنە بینەرانی دەرەوەی ناوچەکە. ئەمە دەروازەیەکە کە دەیکەینەوە بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان تاوەکو لەگەڵ بەهرەمەندە کوردەکانمان کار بکەن."
باڤی یاسین باس لە گرنگیی ئەو دەستپێشخەرییە لەو پڕۆژەیە دەکات و دەڵێت، "ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر بنەمای ئامادەبوونی نێودەوڵەتی و پەرەسەندنی کۆمسیۆنی فیلمی کوردستان بنیات نراوە، لە بەشداریکردنی لە "مارشی دو فیلم" لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ساڵانی 2025 و 2026، کە تێیدا کۆمسیۆن پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پیشەسازییەکە دروستکرد و کوردستانی وەک شوێنێکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و وەبەرهێنانی داهێنەرانە ناساند."
یەکەمین بانگەواز بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لە "سندووقی فیلمی کوردستان"، ئەمڕۆ سێشەممە، لە 1ی ئەیلوولی 2026، دەستپێدەکات و له 16ی تشرینی یەکەمی 2026 کۆتایی دێت.