وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دراوێکی نوێی یەک دۆلاری بە وێنەی ترەمپەوە دەردەکات
وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دراوێکی کانزایی نوێی لە جۆری یەک دۆلاری خستە بازاڕەوە کە وێنەی دۆناڵد ترەمپی لەسەرە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی ترەمپ دەبینرێت بۆ چەسپاندنی ناوی خۆی لەسەر دامەزراوە نیشتمانییەکانی وڵات.
چوارشەممە 2ـی ئەیلولی 2026، دراوە نوێیەکەی ئەمریکا، بە بۆنەی 250ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمریکا لێدراوە، سەبارەت بە نرخەکانیان، شریتێک کە 25 پارچە دراوی یەک دۆلاری تێدایە، بە نرخی 61 دۆلار دەفرۆشرێت، واتە بە زیادبوونی 144% لە نرخە بنەڕەتییەکەی، هەروەها جانتایەک کە 100 دانە لەو دراوەی تێدایە، بە نرخی 154.50 دۆلار نمایش کراوە.
دامەزراوەی چاپکردنی دراوی ئەمریکا کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە روونی کردەوە، ئەم دراوانە دەخرێنە نێو مامەڵەی رۆژانەی بازاڕەوە، ئەم بڕیارەش تێبینی و رەخنەی یاسایی لێکەوتووەتەوە، چونکە بەگوێرەی یاسایەکی فیدراڵی، دانانی وێنەی هەر سەرۆکێکی ئەمریکی کە لە ژیاندا مابێت لەسەر دراوەکان رێگری لێ کراوە.
ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، چەندین جار رێسا و رێکارە یاساییەکانی بەزاندووە بە مەبەستی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دامەزراوەکانی ئەمریکا، لەوانە ناونانی سەنتەری کێنیدی بۆ هونەر بە ناوی خۆیەوە و رووخاندنی باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی بۆ دروستکردنی هۆڵێکی نوێی ئاهەنگگێڕان.
دراوە نوێیەکە لەسەر یەکێک لە رووەکانی وێنەی ترەمپی لەسەرە و وشەکانی ئازادی و متمانەمان بە خودایە تێدا نووسراوە، لەگەڵ مێژووی (1776-2026) بەبۆنەی ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمریکا، رووەکەی دیکەشی کۆپییەکی نیشانەی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە کە وێنەی هەڵۆیەک و قەڵغانێکی هەڵگرتووە و ژمارە 250ـی لەسەر نەخشێنراوە.
پێشتر لە مانگی ئایاردا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، وەزارەتەکەی تاوتوێی دەرکردنی دراوێکی کاغەزی 250 دۆلاری دەکات بە وێنەی ترەمپەوە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەم هەنگاوە پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس هەیە بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەی کە رێگری لە دانانی وێنەی کەسایەتییە زیندووەکان لەسەر دراو دەکات، لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی گەنجینە رایگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا دراوە کاغەزییەکانی ئەمریکا واژۆی ترەمپیان لەسەر دەبێت، کە ئەمەش رووداوێکی بێپێشینەیە بۆ سەرۆکێک کە هێشتا لە پۆستەکەیدا بێت.