بۆ پرسی بودجە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە

شاندی دارایی هەرێمی کوردستان و شاندی دارایی عێراق کۆدەبنەوە

تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو گەیشتنە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە نوسینەوەی رەشنوسی پڕۆژە یاسایی بوودجەی ساڵی 2027، دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عیراق دەکەن بە تایبەت لەبابەتی دامەزراندن و گرێبەستەکان و سێ یەکەمەکان، هەروەها شاندی هەرێم داوادەکەن پشکی کوردستان لەبودجەی ساڵی 2027 بەپێی سەرژمێری دانیشتوون بێت کە لەسەدا 14ـەیە. 

پێشتر حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکوومەتی عێڕاقی رایگەیاندبوو: تا کۆتایی مانگی 9 ئەنجوومەنی وەزیران رەشنوسی یاسایی بودجەی ساڵی 2027 پەسەند دەکات و رەوانەی پەرلەمانی عێڕاقی دەکات، ماوەی یەک مانگە وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەرقاڵی ئامادەکاری نوسینەوەی رەشنوسی یاساکەیە و سەبارەت بەوانەی گرێبەستی رۆژانەیان هەیە بەڕێوبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی دارایی بە نوسراوێک داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کردووە ناوی گرێبەستە رۆژانەکانیان بۆ رەوانە بکەن تاکو هەڵسەنگاندیان بۆ بکەن و بکرێن بە گرێبەستی مانگانە و لە نێو یاسایی بوودجەی ساڵی 2027 جێگیری بکەن.