هۆڵەندا.. هونەرمەندێکی کورد بە دوو گۆرانی بەشداری لە کۆنسێرتێکی کولتووری کرد

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بە دوو گۆرانی بەشداری کرد لە کۆنسێرتێکی کولتووری بۆ نەتەوەکانی جیهان، کە لە شاری هەرملی وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.

پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم لەو کۆنسێرتە کولتوورییە لەوڵاتی هۆڵەندا بەشداریم کرد؛ فێستیڤاڵێک کە بە ئامانجی کۆکردنەوەی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان و ئاهەنگگێڕان بە هەمەچەشنی و جۆراوجۆری کولتووری بەڕێوەچوو."

گوتیشی، "لەو کۆنسێرتەکەدا هەلی ئەوەم هەبوو بە دوو گۆرانیی کوردی بەشداری بکەم و لە رێگەی دەنگ و مۆسیقاوە، بەشێک لە کولتوور و ناسنامەی کوردی بگەیەنمە ئامادەبووان و یەکێک لە گۆرانییەکانم گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردوو شەماڵ سایب بوو. بۆ من پێشکەشکردنی بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندە تەنیا گۆرانیگوتن نییە، بەڵکو رێزگرتنە لە میرات و بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی کورد کە بەرهەمەکانیان بەشێکن لە مێژووی مۆسیقای کوردی."

کاروان حەمید باس لە گوتنی گۆرانی دووەمی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت، "گۆرانیی دووەمیش بەرهەمێکی هونەرمەندی کۆچکردوو مامۆستا عوسمان عەلی بوو. ئەو گۆرانییە لەگەڵ ئۆرکێسترای ئارت موزیک پێشکەشم کردوو و نزیکەی 10 مۆسیقاژەنی بەناوبانگی هۆڵەندی و جیهانی لە پێشکەشکردنی بەرهەمەکەدا بەشدار بوون."

کاروان حەمید جەختی لەوەش کردەوە، "بۆ من زۆر گرنگ بوو گۆرانیی کوردی لەگەڵ ئۆرکێسترایەکی نێودەوڵەتی پێشکەش بکەم، چونکە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی مۆسیقای کوردی لەگەڵ مۆسیقا و کولتوورەکانی دیکەی جیهان تێکەڵ ببێت و ئامادەبووان بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ هونەر و کولتووری کوردی ئاشنا ببن."

دەربارەی گرنگیی بەشداریکردنی لەو کۆنسێرتە نێودەوڵەتییە، کاروان حەمید دەڵێت، "یەکێک لە شتە گرنگەکانی ئەم بەشدارییە بۆ من، دەرکەوتن بە جلوبەرگی کوردی بوو. پێم وایە جلوبەرگ، گۆرانی و مۆسیقا هەموویان بەشێک لە ناسنامەی کوردین و کاتێک لە کۆنسێرتێکی نێودەوڵەتیدا ئەمانە پێکەوە پێشکەش دەکرێن، بە شێوەیەکی زیاتر سەرنجی خەڵکی نەتەوەکانی دیکە بۆ کولتووری کوردی رادەکێشرێت."

ئەوەشی گوت، "بەشداری من لەم کۆنسێرتەدا بۆ من تەنیا بەشدارییەکی هونەری نەبوو؛ بەڵکو هەستێکی خۆشحاڵی و شانازی بوو کە بتوانم بە دەنگی گۆرانی و مۆسیقا و جلوبەرگی کوردی، بەشێک لە ناسنامە و کولتووری خۆمان لە پێش چاوی خەڵکی نەتەوە جیاوازەکان پێشکەش بکەم."

کاروان حەمید باس لە نزیکبوونەوەی کولتوورە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر دەکات و دەڵێت، "من باوەڕم وایە هونەر یەکێکە لە باشترین زمانەکان بۆ نزیککردنەوەی مرۆڤەکان لە یەکتر. گۆرانییەکەمان پێویستی بە زمانێکی هاوبەش نییە بۆ ئەوەی کاریگەریی خۆی هەبێت؛ مۆسیقا دەتوانێت مرۆڤەکان گەر لە هەر نەتەوە و کولتوورێک بن، لە یەکتر نزیک بکاتەوە."

کاروان حەمید ئاماژەی بەوەش دا، "هەموو هەوڵم ئەوەیە لە چالاکییە هونەرییەکانی تاراوگەدا، بە گۆرانی و مۆسیقا و جلوبەرگی کوردی، دەنگی کولتووری کوردی بگەیەنم بەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین و دەرفەتێک دروست بکەم بۆ ئەوەی کولتووری کوردی زیاتر بناسرێت."

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی شاری کەرکووکە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. لە دەرەوەی بەشداری چەندین فێستیڤاڵی هونەری کولتوورە جیاوازەکانی کردووە.