نەتەوە یەکگرتووەکان: زەوی هێڵی سووری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای بەزاندووە

مالیزیا لە ناوچەی سێریان بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئاستی پیسبوونی هەوا بۆ سەرووی 500 خاڵ دۆخی نائاساییی ڕاگەیاند، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی زەوی هەلی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای بە ڕێژەی 1.5 پلەی سەدی لەدەستداوە.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، سوڵتان ئیبراهیم پاشای ئەو وڵاتە رەزامەندیی لەسەر سەپاندنی دۆخی نائاسایی لە تەواوی ناوچەی سێریان لە دوورگەی بۆرنیۆ دەربڕیوە، دوای ئەوەی پێوەری پیسبوونی هەوا لە شارەکەدا گەیشتە 519 خاڵ و ئاستی مەترسیداری 500 خاڵی تێپەڕاند.

بەپێی رێنمایییە تەندروستییەکانی مالیزیا، تێپەڕبوونی پێوەرەکە لە سەرووی 300 خاڵ وەک دۆخێکی مەترسیدار پۆلێن دەکرێت و لە کاتی گەیشتنی بە سەرووی 500 خاڵ بڕیاری دۆخی نائاساییی خۆجێیی دەدرێت.

لە چوارچێوەی رێکارە نائاسایییەکاندا، بڕیاری داخستنی 647 قوتابخانە لە رۆژی دووشەممەوە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو دراوە، هاوکات سەرجەم فەرمانگە حکوومی و تایبەتەکان، کێڵگە کشتوکاڵییەکان، کارگەکانی بەرد و پرۆژەکانی بیناسازی لە شاری سێریان داخران.

ئەم دووکەڵە چڕەی لە هەرێمی کالیمانتانی ئیندۆنیزیاوە گەیشتووەتە ناوچەکە، بووەتە هۆی زیادبوونی کێشەکانی هەناسەدان لە نێو هاووڵاتییاندا و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دەمامک، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری دەستیان بە دابەشکردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە کردووە.

دەسەڵاتدارانی مالیزیا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم تەمە دووکەڵاوییە، پرۆسەی بارانباراندنی دەستکردیان لە رێگەی چاندنی هەورەکانەوە دەستپێکردووە و لە ناوچەی باتانگ ئای بارانبارین تۆمار کراوە. دوگلاس ئۆگە، سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ساراواک جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی نائاسایی تەنیا ناوچەی سێریان دەگرێتەوە نەک تەواوی ویلایەتەکە، هاوکات داوای لە دانیشتووان کرد لە دەرەوەی ماڵ چالاکییەکانیان کەم بکەنەوە و لە ماندووبوونی جەستەیی لە هەوای کراوەدا خۆیان بەدوور بگرن.

هەروەها لە راپۆرتێکی نوێ و مەترسیداردا، نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بەوەدا نا کە زەوی هەلی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە رێژەی 1.5 پلەی سەدی لەدەستداوە و لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم هێڵە سوورە دەبەزێنرێت، ئەمەش وا دەکات جیهان رووبەڕووی دەیان ساڵ کارەساتی سەختی ژینگەیی و کەشوهەوای توند ببێتەوە.

بەپێی راپۆرتی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)، بەهۆی بەردەوامیی سووتاندنی خەڵووز، نەوت و گاز، تێکڕای پلەی گەرمای زەوی لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو ئاستە سەلامەتە دەبەزێنێت کە لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسی 2015دا لەسەری رێککەوتبوون.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە مرۆڤایەتی بە خێرایییەکی مەترسیدار لەو هێڵە تێپەڕیوە کە رێگری لە کارەساتی کەشوهەوا دەکرد، هاوکات داتاکان دەریدەخەن ئێستا زەوی 1.4 پلە گەرمتر بووە و ئەگەر سیاسەتی وڵاتان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا ساڵی 2100 پلەی گەرما بە رێژەی 2.6 پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە.

لە بەرامبەر ئەم واقیعە نوێیەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ستراتیژێکی نوێی بە ناوی "تێپەڕاندن و ساردکردنەوە" راگەیاندووە؛ بەوپێیەی پلەی گەرما لە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا دەگاتە لووتکە و 1.8 پلە تۆمار دەکات، پاشان پێویستە لە رێگەی وەستاندنی تەواوەتیی بەکارهێنانی سووتەمەنییە بەردینەکان و داهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێی هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا، پلەی گەرما بەرەو خوارەوە داببەزێنرێت.

ئینگەر ئەندەرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی 1.5 پلە وەک خۆی دەمێنێتەوە بەڵام لەمەودوا دەبێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە کاری لەسەر بکرێت و وڵاتان بە چڕی کار بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم جیهانە گەرمترە بکەن.

زانایانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن کە ئەم قۆناخە نوێیە بۆ چەندین دەیەی درێژخایەن دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی زیادبوونی برسییەتی، کەمئاوی، لەناوچوونی مەرجانە دەریایییەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و لەناوچوونی بەستەڵەکەکانی گرینلاند و جەمسەری باشوور.

شارەزایانی ژینگە جەخت دەکەنەوە کە هەر پێنج ساڵ دواکەوتن لە کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، زیاتر لە دەیەک پلە بە گەرمای زەوی زیاد دەکات و پرۆسەی رزگارکردنی هەسارەکە لە کارەسات لە هەموو کات زیاتر ئەستەم دەکات.