سکۆت بێسەنت: دوای جەنگی ئێران نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار دادەبەزێت
سکۆت بێسەنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکات دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و رەنگە بگاتە 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بێسەنت جەختیکردەوە، ئەو دابەزینە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی گرێبەستەکان، کە لەم دواییانەدا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردوو.
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسەنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلومبێرگ گوتی "ئەم ململانێیەی ئێران تێدەپەڕێنین و پێشبینی دەکەم نرخی نەوت دابەزێت، دوای ئەمە، بڕی خستنەرووی نەوت زۆر زیار دەبێت لە خواست، رەنگە نرخی نەوتی خاو ببینین بگاتە 50 یان 40 دۆلار، چونکە بڕێکی زۆری بەرهەمهێنانی نوێ دەکەوێتە کار".
سکۆت بێسەنت، هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی ململانێکە دیاری نەکرد، کە تا ئێستا نیشانەیەکی ئەوتۆی کۆتاییهاتنی جەنگ بەدی ناکرێت، ئەم هەفتەیە، یاسادانەرێکی کۆماری لە لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دۆخە سەربازییەکەی بە "چەقبەستوو" وەسف کرد.
هەینی رابردوو، نرخی نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 95 دۆلار بوو، کە لە تەممووزەوە بەرزترین ئاستە، هەروەها نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس نزیکەی 91 دۆلار بوو، ئەو بەرزبوونەوەیە لە دوای هێرشە سەربازییەکانی سەرەتای هەفتەی نێوان ئەمریکا و ئێران هات.
بێسەنت گوتیشی "ئەگەر سەیری بکەن، دەبینن رێژەکانی سوود تا ئێستا هیچ کاتێک بەو ئاستە پەیوەندییان بە نرخی نەوتەوە نەبووە. ململانێی ئێران کۆتایی دێت و رێژەکانی سوود و ئەو بەرزبوونەوە توندەی هەڵئاوسان دادەبەزێت".