فیلمێکی کوردی لە ئێران پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات
کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، لە دەرهێنانی جوبڕائیل ئەبوبەکرە، لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژینگەی کراوەی ئێران، کاندیدکراوە بۆ بردنەوەی خەڵات.
یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، جوبڕائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەو فێستیڤاڵەدا 1994 فیلم بەشداری کردووە و 1318 فیلم بەشی نێودەوڵەتییە و تەنیا 13 فیلم چۆتە بەشی پێشبڕکێ و سێ فیلم کاندیدکراوە بۆ بردنەوەی خەڵات، لە نێو ئەو سێ فیلمەدا، فیلمی "دەریای هیوا" لە کوردستان و لە دەرهێنانی منە و فیلمی "نیوە" لە ئیسپانیا و فیلمی "یەکشا" لە کاتی پرینەوە لە رووبارێک لە چین دروست کراوە."
جوبڕائیل ئەبوبەکر باس لە چیرۆکی فیلمەکەی دەکات و دەڵێت، "فیلمی "دەریای هیوا" کورتە فیلمێکە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات. فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگە مەترسیدارەکاندا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."
ئەو دەرهێنەرە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم فێستیڤاڵە رووداوێکی سینەمایییە و تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی ئەوەیە فیلمەکان لە ژینگەی سروشتی و لەژێر ئاسمانی کراوە نمایش دەکرێن و ئامانجی فێستیڤاڵەکە دروستکردنی پەیوەندییەکی زیاترە لەنێوان سینەما، سروشت، گەشتوگوزار و ژینگەیە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان فیلمسازانی ئێران و فیلمسازانی جیهان و بابەتە سەرەکییەکانی بریتین لە فیلمی گەشت، فیلمی رێگا، گەشتوگوزار، سەرکێشی و گەشتی سروشتی، پاراستنی ژینگە، ژیانی خەڵکی ناوخۆ و پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت."
دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژینگەی کراوەی ئێران، بڕیارە 8ی ئەیلوولی 2026، لە پارێزگای گیلانی ئێران بەڕێوەدەچێت و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
جوبڕائیل ئەبوبەکر، کە کارمەندی دامەزراوەی کوردستان24ە، بەشداری چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی کردووە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.
