سیستمی زانکۆلاین کارادەکرێت
ئەم هەفتەیە، سەرجەم داتاکانی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیییەوە، رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێن، هەفتەی داهاتوو سیستمی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان کارا دەکرێت.
سەبارەت بە دواین وادەی تانەگرتن لە ئەنجامەکان، پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "سبەی دووشەممە، دوایین مۆڵەتە بۆ پێشکەشکردنی تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان".
گوتیشی: سێشەممە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان وردبینی بۆ تانەکان دەکات و چوارشەممە ئەنجامەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان رەوانە دەکرێن. دواتر لە پێنجشەممەدا، تەواوی داتاکان بە فەرمی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێن.
پەیمان خواجە جەختیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بە وردی کار لەسەر کۆکردنەوەی داتاکان دەکەن و هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی قوتابییان.
هاوکات عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت "ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو بوون و بەگوێرەی توانای زانکۆکان، زۆرترین دەرفەتی وەرگرتن بۆ دەرچووان رەخسێنراوە".
عەباس ئەکرەم روونیکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕێی رادەستکردنی داتاکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەکات، ئاشکرایکرد، دوای دوو بۆ سێ رۆژ لە گەیشتنی داتاکان بە وەزارەتەکەیان، سیستمی زانکۆلاین بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتن کارا دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ لە کۆی 117 هەزار و 142 قوتابی کە لە هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کردبوو، 40 هەزار و 46 قوتابی توانیویانە سەرکەوتوو بن.