وەزارەتی کار: زیاتر لە 9 هەزار پڕۆژە کار بە کرێکارانی ناوخۆیی دەکەن
ئەندامی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بریارەکانی حکوومەت لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایگەیاند، کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، تایبەتە بە رێکخستنەوەی بازاڕی کار و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوخۆ.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، هۆگر عەلی رەسووڵ، راوێژکاری وەزارەت و ئەندامی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی بریارەکانی حکوومەت لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی:” بڕیاری ژمارە 172ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەتە بە رەخساندنی هەلی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆیی لە پڕۆژەکاندا لە شەش خاڵی سەرەکی پێکدێت و گرنگترینیان ئەوەیە نابێت ریژەی دەستی کاری بیانی لە هیچ شوێنکار و پڕۆژەیەکدا لە 25% زیاتر بێت، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت 75%ـی کارمەند و کرێکارەکان لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بن.
ئەندامەکەی لێژنەی باڵا رایگەیاند، لە دوای دەرچوونی رینمایی ژمارە 8ـی ساڵی 2022، لێژنەیەکی باڵای هاوبەش لە نوێنەرانی وەزارەتەکان پێکهاتووە، لێژنەکە بەردەوامە لە کردنی گەشتی مەیدانی و پشکنین بۆ پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی خاوەنکارەکان بەو ریژەیەی دیاریکراوە.
هۆگر عەلی گوتی، تائێستا ئاستی پابەندبوونی پڕۆژەکان گەیشتووەتە ریژەی نێوان 90%، و هۆشداریشی دا کە هەر کۆمپانیا یان پڕۆژەیەک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە،هاوکات سەرپێچیکاران سزا دەدرێن، کە سزاکان بریتین لە پێبژاردنی دارایی و لە هەندێک باردا داخستنی پڕۆژەکە، هەرچەندە حکوومەت هەوڵ دەدات زیاتر سزای دارایی بەکاربهێنێت تاوەکو کارگەکان دانەخرێن و کارێکار و کارمەندان بێ کار نەمێننەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەت، تائێستا 9253 پڕۆژە بە فەرمی تۆمار کراون و پابەندی بڕیارەکە بوون، لە بەرامبەردا، لێژنەکانی پشکنین بەردەوامن لە بەدواداچوون لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هاوکات 16 پڕۆژە بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوونیان بە بڕیاری حکوومەت دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراون، هەروەها 51 پڕۆژەی دیکەش داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی مۆڵەت وەربگرن و کار بە کرێکاری ناوخۆیی بکەن.
لە چوارچێوەی ئەم رێکارانەدا، زیاتر لە 200 هەزار کرێکاری ناوخۆیی لە پرۆژە جیاجیاکاندا دامەزراون، هاوکات 3 هەزار و 927 کرێکاری بیانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەوە دەستەبەر کراون و 4 هەزار و 732 مۆڵەتی کاریش بەخشراوە.
هۆگر عەلی جەختی کردەوە، هەر کۆمپانیایەک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، بەپێی ماددەی 222ـی یاسای سزادان رووبەڕووی سزای دارایی و تەنانەت داخستنیش دەبێتەوە. گوتیشی: "حکوومەت هەماهەنگییەکی تەواوی لەگەڵ پارێزگار، قایمقام و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری کار بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان."