کاروان ستوونی: بەمنزیکانە تیروپشک بۆ ناوی حاجییان دەکرێت

 گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی دیاریکردنی حاجیانی ئەمساڵ لە قۆناغی کۆتایی دایە و پێشبینیدەکرێت هەفتەی داهاتوو ناوی حاجیان لە رێگەی تیروپشکێکی ئەلیکترۆنییەوە رابگەیەنرێت.

دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عەمرە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان 24 ئاشکرایکرد، ئەمساڵ 116 هەزار هاووڵاتی فۆڕمی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجیان پڕکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ژمارەیە زیاتر لە 2 هەزار کەس ناویان لە تیروپشکەکەدا دەردەچێت و دەتوانن گەشتی سعوودیە بکەن.

سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان، کاروان ستوونی جەختیکردەوە، ئەو کەسانەی لە ساڵانی رابردوودا وەک یەدەگ ناویان گەڕاوەتەوە، بەپێی بڕیارێکی حکوومەت، ناچنەوە ناو تیروپشک و راستەوخۆ لەگەڵ کاروانی ئەمساڵدا گەشت دەکەن.

هەروەها روونیکردەوە، ئەو کەسانەی ئەمساڵ وەک یەدەگ ناویان دەردەچێت، پێگەیان پارێزراو دەبێت و بۆ ساڵانی 2027 و 2028ـی راستەوخۆ و بێ تیروپشک، لەگەڵ کاروانی حاجیانی ئەو ساڵانە رەوانەی سعوودیە دەکرێن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.