پزیشکیان: بەوپەڕی هێزەوە رووبەڕووی دەستدرێژیکاران دەبینەوە
مەسعود پزیشکیان لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپدا جەخت دەکاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە دژی شەڕ بووە، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بەوپەڕی هێزەوە دەداتەوە تاوەکو لایەنی بەرامبەر پەشیمان دەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە دژی شەڕ بووە.
پزیشکیان رایگەیاند، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل و ئاسایشی ناوچەکە لە خۆبەدوورگرتن لە پەرەپێدانی ململانێکاندا دەبینێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران روونیکردەوە، وڵاتەکەی هاوشێوەی ئەو هەڵوێستە بوێرانەی تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر دەستدرێژییەکاندا نواندوویەتی، بەهەمان شێوە و بەوپەڕی هێزەوە ئەو بەرگرییە درێژە پێ دەدات تا دەستدرێژیکاران پەشیمان دەبنەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پزیشکیان دووپاتیکردەوە، ئێران بەردەوام دەبێت لە پارێزگاریکردن لە مافەکانی گەلی وڵاتەکە و سەرجەم پێگەکانی خۆی بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئێران هەڕەشەی جەنگێکی ئابووری لە ئەمریکا کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد، مووشەکێکی پێشکەوتووی ئاڕاستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کردووە. ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئەگەری زیاتری پەرەسەندنی ململانێکان، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک پاش ئەوەی هەردوو لا جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر یەکتر.
جەنگەکە شەش مانگە بەردەوامە و ماوەیەک ئارامی و پاشان بە توندی هێرش دەکەن سەر یەکتر، ئەمریکا شەممەی رابردوو هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی ئێران، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا سێ کەشتیی نەوتی ئێرانیان کردە ئامانج. میدیا فەرمییەکانی ئێران یەکشەممە، رایانگەیاند، ئێران لە هێرشەکانیدا بۆ سەر چەند کەشتییەکی ئەمریکی، مووشەکی جۆری قاسم بەسیری بەکارهێناوە.
ئێران بەڵێنیداوە لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەیەکی نوێی قەدەخەکراو رابگەیەنێت، لەگەڵ نەخشەی رێڕەوێکی ئاویی نوێ لە گەرووی هورمزدا، بەڵام کاتی ئاشکراکردنی وردەکارییەکان روون نییە.
لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی "کاتێک لە جەنگی دژی ئێران سەردەکەوین، نرخی نەوت و هەموو شتەکانی دیکە دادەبەزێت. نرخی هەر گالۆنێک بەنزین دەبێتە 3 دۆلار و لە کۆتاییدا بۆ کەمتر لە 2 دۆلار دادەبەزێت. هەموو ئەمانە بە خێرایی روودەدەن و ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت."