حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعوودیە دەکات

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر چەند شار و دامەزراوەیەکی ئابووریی سعوودیە و بوونە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل.

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە شارەکان و بنکە ئابوورییەکانی سعوودیەیان کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیانەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون، بەتایبەتی ژنان و منداڵان.

لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی و ته‌بایی تەواوی خۆی بۆ سعوودیە و گەلەکەی دەردەبڕێت و جەخت لەسەر رەتکردنەوەی توند و بێ مەرجی هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هەر کارێک ببێتە هۆی خستنە مەترسیی ژیانی کەسانی بێتاوان، لەگەڵ بەها مرۆییەکاندا ناگونجێت.

بە پێی راگەیەنراوەکە، "ئاشتی و گفتوگۆ" تاکە رێگەی گونجاون بۆ چارەکردنی قەیران و ململانێکان. هەروەها هۆشداری داوە لەوەی کە بەردەوامبوونی توندوتیژی و پەرەسەندنی گرژییەکان، تەنیا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی گەلان دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بڵاوی کردبووەوە، بەیانی ئەمڕۆ حووسییەکان چەندین دامەزراوە و بنکەی وزەیان لە ناوچەی باشووری وڵاتەکە کردە ئامانج.

وەزارەتەکە باسی لەوە کردبوو، بەهۆی هێرشەکانەوە ئاگر لە چەندین شوێن کەوتەوە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ راگرتنی کاتیی کارەکان لە ژمارەیەک دامەزراوە و بنکەی وزەدا.

جەختی لەوەش کردبووەوە، سعوودیە خاوەنی مافی شەرعییە لە گرتنەبەری هەر رێکارێک کە پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی، پاراستنی سەرمایە، ژێرخانەکەی و پاراستنی دانیشتوانەکەی.