تەسنیم: ئەمریکا کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە دوورگەی خارک کردە ئامانج

مووشەکێکی سوپای ئەمریکا نەوتهەڵگرێکی بچووکی ئێرانی لە نزیک دوورگەی خارگ پێکا و تۆڕی فۆکس نیوزیش لە زاری بەرپرسانی واشنتنەوە دەستپێکردنی ستراتیژییەکی نوێی بۆ نوقمکردنی کەشتییە نەوتییەکانی تاران راگەیاند؛ لە بەرامبەردا قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداریی دا کە لە وەڵامی هەر هێرشێکدا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

سێشەممە 8ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی تەسنیم، نەوتهەڵگرێکی بچووکی ئێرانی لە سنووری لەنگەرگەی دوورگەی خارگ و لە دووریی 4 میل، بەر هێرشێکی مووشەکیی سوپای ئەمریکا کەوتووە.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە ئاژاسنەکەیان راگەیاندووە، بە خۆشحاڵییەوە ئەم رووداوە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و دەستکراوە بە چۆڵکردنی کارمەندانی نێو نەوتهەڵگرەکە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە قەبارەی زیانەکان و رەهەندەکانی رووداوەکە، و زانیاریی زیاتر دواتر بڵاودەکرێتەوە.

هاوکات تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیک دوورگەی خارگ و بەندەری جاسک هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانج.

بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو ئامانجانەی بۆردوومان کراون نەوتهەڵگرەکانی ئێرانیان تێدایە، و ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ خستنە ژێر گوشاری ئابووریی ئێران.

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، ستراتیژی نوێی ئەمریکا لەم قۆناخەدا بریتییە لە لەکارخستن و نوقمکردنی ئەو نەوتهەڵگرانەی کە نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە.

هەروەها بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فارس، کەمێک لەمەوبەر لە سنووری دوورگەی خارگ لە کەنداو دەنگی دوو تەقینەوە بیستراوە.

رایگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەکان لە سنووری ئاوەکانی کەنداوەوە بیستراون، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ئاگرکەوتنەوە یان دووکەڵ لە ناوچەکە بەدی نەکراوە.

کەمێک پێش ئێستا، قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، ئەمریکا هەڕشەی بەئامانجگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان دەکات باسی لەوەش کرد، ئەگەر هێرش بکرێتەسەر کەشتییەکانمان وەڵاممان دەبێت. گوتیشی: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج