هێزی دەریایی ئێران هۆشداری دەداتە کوەیت و بەحرەین
فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، هۆشداری دەداتە سەرجەم کارمەندانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە سنووری لەنگەرگە و ئیسکەلەکانی هەردوو وڵاتی کوەیت و بەحرەین، کە دەستبەجێ کەشتییەکانیان چۆڵ بکەن، بەو پێیەی دەکرێنە ئامانج.
سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ئەم هەنگاوە وەک پەرچەکردارێکە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە، بەو پێیەی کوەیت و بەحرەین میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و بە هاوبەشی ئەو کردارانە ناوزەندیان دەکات، روو لە کارمەندانی کەشتییە نەوتبەرەکانی ئەو سنوورە دەکات و رایدەگەیەنێت: ئاگاداری سەرجەم دەستەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە سنووری ئیسکەلەکانی کوەیت و بەحرەین دەکەینەوە، چ لە لەنگەرکاندا بن و چ لەسەر ئیسکەلەکان، دەستبەجێ سەر کەشتییەکانتان چۆڵ بکەن، لەبەر ئەوەی دەکرێنە ئامانج.
کەمێک پێش ئێستا، مووشەکێکی سوپای ئەمریکا نەوتهەڵگرێکی بچووکی ئێرانی لە نزیک دوورگەی خارگ پێکا و تۆڕی فۆکس نیوزیش لە زاری بەرپرسانی واشنتنەوە دەستپێکردنی ستراتیژییەکی نوێی بۆ نوقمکردنی کەشتییە نەوتییەکانی تاران راگەیاند؛ لە بەرامبەردا قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداریی دا کە لە وەڵامی هەر هێرشێکدا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.