رۆژێک بۆ سینەمای کوردی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
هاواری فیلم، بەهاوکاری کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد- مەڵبەندی گشتی سلێمانی، خولی حەوتەمی یاد و ئاهەنگی رۆژی سینەمای کوردی، بەمەبەستی زیندووکردنەوەی گرنگیی ئەم هونەرە لە ژیانی کۆمەڵگەدا، لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، هاوار مستەفا خان، سەرپەرشتیاری گشتیی رۆژی سینەمای کوردی بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم چالاکییە سینەماییە لە ساڵانی رابردوودا بووەتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان، فیلمسازان، نووسەران و خۆشەویستانی سینەما لە دەوری یەک، بۆ یادکردنەوەی رێگەی ئەو کەسانەی بە هەموو سەختییەکانەوە خزمەتیان بە سینەمای کوردیی کردووە و بۆ ئەمساڵیش چالاکییەکە بە شێوەیەکی جۆراوجۆر و بە بەشداریی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و سینەماکاران بەڕێوەدەچێت."
گوتیشی، "سینەما تەنیا پیشاندانی وێنە و چیرۆک نییە؛ بەڵکو زمانێکی بەهێزی هونەرییە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەیەوە بیر و هەست و ئازار و هیواکانی خۆی بگوازێتەوە. سینەما دەتوانێت دەنگی ئەو کەسانە بێت دەنگیان نەبیستراوە، چیرۆکی ئەو کۆمەڵگانە بگێڕێتەوە کە مێژوو زۆرجار دەنگیانی لێ بڕیوە و لە رێگەی سینەماوە وێنەی راستەقینەی ژیانیان لەسەر پەردە پیشان دەدرێت."
هاوار مستەفا باس لە بەشە تایبەتەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "یەکێک لە بەشە تایبەتەکانی چالاکییەکە تەرخانکراوە بۆ یادکردنەوەی سینەماکاری گەورەی کورد و جیهان، یەڵماز گۆنەی؛ ئەو هونەرمەندەی کە بە فیلم و بەرهەمە سینەماییەکانی، ناوی کورد و چیرۆکی کۆمەڵگەکەی خۆی بە ئاستێکی جیهانی گەیاند و ڤیدیۆیەک دەربارەی فیلمەکانی یەڵماز گۆنەی، بە ئامادەکردنی سینەماکار کارزان کاردۆزی پێشکەش دەکرێت، بۆ ئەوەی بەشداربووان زیاتر لە ژیان، بیرۆکە و بەرهەمە سینەماییەکانی ئەم سینەماکارە بزانن و شوێنپێی ئەو لە سینەمای کوردی و ناوچەکەدا بناسن."
هاوار مستەفا جەختی لەوەش کردەوە، "لە خولی ئەمساڵدا چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان دەبێت وەکو، بەخشینی شکۆنامەیەک و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی هونەرمەند و سینەماکاری کۆچکردوو زانا حەمە غەریب، نمایشکردنی چوار ساڵنامەی یەڵماز گۆنەی، خوێندنەوەی شیعرێکی شێرکۆ بێکەس بۆ یەڵماز گۆنەی، ئاهەنگ گێڕانێک بە دەنگی گۆرانیبێژ محەمەد گەرمیانی و چەند چالاکییەکی دیکە."
دەربارەی نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری، هاوار مستەفا دەڵێت، "لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بە دەرهێنانی سینەماکار شینوار کەمال نمایش دەکرێت. نمایشکردنی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان لەو جۆرە چالاکییانەدا گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە دۆکیۆمێنتاری دەتوانێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ چیرۆک و رووداو و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە تۆمار بکات و بەشێک لە بیرەوەرییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت."
ئەوەشی گوت، "ئەم رۆژە دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و کەم و کوڕییەکانی سینەمای کوردی، کەمبوونی پشتگیری و بەرهەمهێنان، هەروەها دەرفەتەکانی گەشەپێدانی سینەما و بەشداریی زیاتر لە فێستیڤاڵ و بوارە سینەماییە نێودەوڵەتییەکان دا و ئامانج ئەوەیە سینەمای کوردی بتوانێت لەگەڵ پەرەپێدانی زمان و شێوازی سینەمایی، ناسنامە و چیرۆکی کوردستانیش بە شێوەیەکی هونەری و پیشەیی بگەیەنێتە پەردەی سینەما و جیهانی بینەر."
هاوار مستەفا باس لە پەیامی سەرەکیی چالاکییەکە دەکات و دەڵێت، "پەیامی ئەم چالاکییە تەنیا بۆ سینەماکاران نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە هێزی هونەر هەیە، چونکە هونەر و بە تایبەتی سینەما، دەتوانێت لە دژی تاریکی بوەستێت؛ دەتوانێت ئازارەکان بخاتەڕوو، مافەکان بپارێزێت و لەبری بێدەنگی، دەنگێک بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی دروست بکات. هەر بۆیە لە چوارچێوەی ئەم پەیامەدا، "رۆژێک بۆ سینەمای کوردی" هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی سینەمایەکی بەهێز، ناسنامەدار و مرۆڤدۆست؛ سینەمایەک کە بتوانێت چیرۆکی کورد بە زمانی هونەر بگێڕێتەوە و لە هەمان کاتدا لە بەهاکانی ئاشتی، ئازادی و بەرگریی لە کەرامەتی مرۆڤ بکات."
رۆژێک بۆ سینەمای کوردی، تەنیا یادکردنەوەی رۆژێکی سینەمایی نییە؛ بەڵکو بانگەوازێکە بۆ یەکگرتن، بیرکردنەوە، بەرهەمهێنان و دروستکردنی داهاتوویەکی روونتر بۆ سینەمای کوردی؛ بەو هیوایەی پەردەی سینەما ببێتە شوێنێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان، پاراستنی بیرەوەرییەکان و گەیاندنی دەنگی مرۆڤی کورد بە جیهان.
هاواری فیلم، بەهاوکاری کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد- مەڵبەندی گشتی سلێمانی، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، خولی حەوتەمی یاد و ئاهەنگی رۆژی سینەمای کوردی، لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.