سوپای پاسداران ناوچەی قەدەخەکراو رادەگەیەنێت

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە ئامادەباشییەکی سەربازیی نوێدا ناوچەی قەدەخەکراوی لە بەشێک لە دەریای عومان و دەریای عەرەب راگەیاند و هۆشداری دا هەر کەشتییەک بەبێ هەماهەنگی تێپەڕێت گەمارۆی دەخرێتە سەر؛ هاوکات هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەڕەشەیە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئاراستەی گەرووی هورمز لە باشووری شارستانی جاسک بیستراوە.

چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، حوسێن موحیببی، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، لە بەشێک لە دەریای عومان و دەریای عەرەب ناوچەی قەدەخەکراو ڕادەگەیەنن و هەر کەشتییەک بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە بچێتە ناو ئەو سنوورەوە، لە لایەن ئێرانەوە گەمارۆی دەخرێتە سەر.

گوتەبێژی سوپای پاسداران ڕوونیشی کردەوە، گەمارۆدان بەو مانایەیە کە ئەو کەشتییانە لە داهاتووشدا بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ نادرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، هەروەها ئەگەر داوای دابینکردنی بیمە یان هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی دیکەش بکەن، هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش ناکرێت.

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، دەوروبەری کاتژمێر 07:20ـی ئەمشەو دەنگی تەقینەوەکە لە دەریای باشووری شارستانی جاسکەوە هاتووە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناوچە کەناراوەییەکان گوێبیستی بوون، هاوکات رایانگەیاند دەنگەکە لە ئاراستەی گەرووی هورمز بووە.

تا ئەم ساتە، هیچ زانیاری و وردەکارییەک سەبارەت بە سەرچاوە، هۆکار و شوێنی تەواوی رووداوەکە لەبەردەستدا نییە و بە فەرمی رانەگەیەندراوە.