رۆیتەرز: تاران و پەکین بۆ خۆدزینەوە لەسزاکان کار بە میکانیزمێکی نوێ دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران پەنای بۆ میکانیزمێکی هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا لەگەڵ چین بردووە، ئەم رێکارە رێگە بە تاران دەدات نەوت بە کاڵای چینی ئاڵوگۆڕ بکات، کە ئامانج لێی تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا و پاراستنی بەردەوامیی هاوردەکردنی کەلوپەلە بۆ وڵاتەکە.

ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هاوردەی  ئێران لە چین، لەسەر بنەمای "نەوت بەرامبەر کاڵا" گەیشتووەتە ملیاران دۆلار، ئەم مامەڵانە کەلوپەل و ماددەی سەرەکی و پێداویستییەکانی پەیوەست بە بەرگریی ئاسمانیی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، میکانیزمەکە رێگەی بە ئێران داوە دەستکەوتنی کاڵای چینی، وەک دەرمان و ئۆتۆمبێل و ئامێری پەیوەندیکردن بەرامبەر بە نەوت مسۆگەر بکات، ئەم رێکارە پشت بەستن بە سیستەمی دارایی جیهانی کەم دەکاتەوە و مەترسییەکانی سزاکان لەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانە سنووردار دەکات کە بەشدارن.

 رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت ئەو میکانیزمە لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 2 بۆ 2.5 ملیار دۆلاری جووڵاندبێت، ئەمە لە رێگەی رێکخستنی دارایی و بازرگانیی تایبەتەوە روویداوە کە رێگە دەدات پارەدانەکان بەرێگەی تەقلیدی نەبێت و خۆشی لەسزاکان بپاریزێت.

ئەم رێکخستنانە لە کاتێکدان هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی گوشاری زیاتر بووەتەوە، هاوکات چین بەردەوامە لە کڕینی نەوتی ئێران بە نرخێکی داشکێنراو و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ تاران.