بڕیارە دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار بەڕێوەبچێت

بڕیارە دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی رووداوەکەی لالەزار لە دادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت.

دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، لە دادگای تاوانی دووی سلێمانی دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردن بۆ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار بەڕێوەدەچێت. 

پێشتر بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 03ـی ئەیلوول، پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام لە لایەن دادگاوە کاتەکەی دواخرا و تەنیا گوتەی شەش دەستگیرکراوی لالەزار وەرگیرا.

لاهوور شێخ جەنگی بەپێی هەردوو ماددەی 406 و 56 تۆمەتبار کراوە، بەڵام لەم دانیشتنەدا تەنیا لەسەر ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت. ئەو ماددەیەش تایبەتە بە رێککەوتنی گرووپێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە. پارێزەرەکانیشی دەیان بەڵگەنامەیان ئامادە کردووە بۆ بەرگریکردن لێی تاوەکوو بڕیاری نوێی بەسەردا نەسەپێندرێت.

یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوەکوو ئێستاش سێ پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ کراوە.

شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش بەردەوامە. کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە ئامادەنەبوونی سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگا. بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی ئەم رووداوانە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە.