دەرفەتی کارکردن بۆ سزادراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پلانی زیادکردنی دەرفەتەکانی کارکردن بۆ سزادراوان دادەنێت.

ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەناو چاکسازییەکاندا چەندین دەرفەتی کارکردن هەن، لەوانە جلشۆرین، فڕن و نانەوا، چێشتخانە، پاککردنەوە و کشتوکاڵ".

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان روونیکردەوە، ساڵانە سەدان دەرفەتی کار بۆ بەشێک لە سزادراوان دەڕەخسێنن، بەتایبەت بۆ ئەوانەی شارەزاییان لە پیشەکاندا هەیە. 

ئەو بەرپرسە جەختی نەکردەوە کە بەگوێرەی پلانەکانیان، ئەمساڵ دەیانەوێت بەراورد بە ساڵی رابردوو دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنن. ئاشکرایکرد "ساڵی رابردوو 599 دەرفەتی کارمان رەخساند، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە زیاد دەکەین".

بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئامارێکی نوێی خستەڕوو، شەش هەزار و 412 سزادراو لە چاکسازییەکاندا هەن. لەو ژمارەیەش، دوو هەزاریان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزادراون.

هەروەها 538 کەسی دیکە بەهۆی بڕیاری لەسێدارەدانەوە لە زینداندان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنەکانی مافی مرۆڤ سزای لەسێدارەدانی راگرتووە، سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە.